بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی باران و بەفر بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “بەفر لەناو سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت”.
محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند،بەهۆی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی بەهێزی دەریای ناوەڕاستەوە، لە 28ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی سەرمای سەخت ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلەوە باران و بەفر دەبارێت، شەپۆلەکەش بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک ناوبەناو بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی نوێترین پێشبینیی، لەو شەپۆلەدا بەفر لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت، لە هەولێر بارانی باش دەبارێت و بەفر بشبارێت کەم دەبێت؛ لە دەوروبەری دهۆکیش بەفری زۆر دەبارێت و لەنێو شارەکەدا کەم دەبێت و تێکەڵی باران دەبێت.