لەنەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری تووشبوانی شێرپەنجە لەسلێمانی خوێندكارێكی پۆلی 11ی ئامادەیی تاقیكردنەوەكانی ئەنجامدا.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای ئەوەی خوێندكارێكی پۆلی 11ی ئامادەیی لەشاری كۆیە لەكاتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی یەكەمی ئەمساڵی خوێندن نەخۆش دەكەوێت و لەنەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی دەمێنێتەوە، لەو كاتەدا هەردوو بابەتی (ئاین و فیزیا) دەمینێت تاقیكردنەوەی لێ بكات، بۆیە لەبەر باری تەندروستی وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی دەبێت لەنەخۆشخانە بمێنێتەوە.
ڕاشیگەیاند، خوێندكارەكە بەردەوام ئەوە بەپزیشكان و كەسوكاری ڕادەگەیەنێت، كە تاقیكردنەوە لەو دوو بابەت نەكات ئاسوودە نابێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، باوكی ئەو خوێندكارە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كۆیە دەكات و داواكارییەك دەگەێنێتە بەڕێوەبەری پەروەردە تاوەكو بە وەزیری پەروەردەی ڕابگەیەنێت، وەزیری پەروەردەش بڕیار دەدات پرسیاری تاقیكردنەوەكانی بۆ بەرنە نەخۆشخانەی هیوا لەوێ تاقیكردنەوەكان ئەنجام بدات.
دەشڵێت: “ئەمڕۆیەك شەممە (۲۰۲۳/۱/۲۲) بەئامادەبونی بەڕێوەبەری پەروەردەی كۆیە و بەشێك لەلێپرسراونی پەروەردەی كۆیە تاقیكردنەوەكانی لەناو نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامدا “.