بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە لەدوو چالاكی جیادا مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی زەڕایەن دوو تۆمەتباریان دەستگیركردووە، كە ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە تایبەتییەكانی دوو ژنیان كردووە .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، كە دوای ئەوەی ژنێك لەبنكەی پۆلیسی زەڕایەن سكاڵای یاسایی تۆماركرد، كە موبایلەكەی لێ وونبووە و دەست كەسێك كەوتووە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە تایبەتییەكانی لێدەكات، ھێزەكانیان ڵكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی زەڕایەنەوە دەستگیربكرێت.
هاوكات لەلایەكی ترەوەو دوای ئەوەی ژنێك سكاڵای یاسایی تۆماركرد، كە موبایلەكەی ھاك كراوەو كەسێك ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە تایبەتییەكانی لێدەكات، ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی زەڕایەنەوە دەستگیربكرێت.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دەستیشگیراوە بەسەر موبایلەكانداو لەئێستادا ھەردوو تۆمەتبار (ك، ح، ع) و (ب، ل، ح) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٢ی خراپ بەكارھێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.