بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی عيراق ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بۆ كۆتایی هێنان بە گرێبەستی “پشكنینی مەرجەكانی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل”، ئاماژە بە گرتنەبەری ڕێكاریی نەهێشتنی دیاردەی بوونی بەڕێكەرانی مامەڵەكان دەكات كە لەبەردەم فەرمانگەكانی هاتووچۆدان.
ئەمڕۆ شەممە، لیوا تارق ئیسماعیل ڕوبەیعی بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ لە حكومەتی فیدراڵ ڕایگەیاند”بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەسەر ڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، تاوتوێی كۆتایی هێنان بە گرێبەستی كاریی پشكنینی (هەزە) دەكات، لەسەر ئەو ڕێنماییەش عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆ، فەرمانی كردووە لیژنەیەكی باڵا بۆ كۆتایی هێنان بە گرێبەستی پشكنینی توندوتۆڵی بهێنرێت لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار”.
بە وتەی ڕوبەیعی”تاوتوێكردن و دانوستان و دیدی یاسایی هەیە كە لەلایەن لیژنەكەوە لەو بارەیەوە دەیگرێتەبەر”.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ دەڵێت”نوسراو بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و فەرمانگەكانی شارەوانی كراوە، تا بەشێوەیەكی تەواوەتی ئەو كەسانە لەبەردەم فەرمانگەكانی هاتووچۆ نەهێڵن كە مامەڵەكان بۆ خەڵك ڕایی دەكەن”.