لە ئەمڕۆوە تا كۆتایی مانگ، هەموو ڕۆژێك لەكاتەكانی بەرەبەیاندا كلكدارێكی ڕەنگ سەوز لە ئاسمان دەردەكەوێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش دەتوانن بیبینن و ئاژانسی ناسا دەڵێت: “بە 50 هەزار ساڵ ئەو دیاردەیە دووبارە دەبێتەوە”.
لوقمان حەوێز، شارەزای گەردوونی لە ئەمریكا لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 2023/1/21 تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە هەموو بەرەبەیانێك پێش خۆرهەڵاتن لە ئاسۆی ئاسمانی باكوری خۆرهەڵات دەتوانرێت كلكدارێكی ڕەنگ سەوزباو ببینرێت لە زۆربەی ناوچەكانی نیوەی باكووری هەسارەی زەوی بە كوردستانیشەوە.
كلكدارەكە ناوی C/2022.E3(ZTF) ، بۆ بینینی ئەم كلكدارە بە چاوی ئاسایی دەبێت لە دەرەوەی شارە گەورەكان بیت دوور لە ڕووناكی و دووكەڵ و تەپوتۆزی شارەكان و لە شوێنێكی هەندێك بەرز تەماشای ئاسمان بكەیت، دەبێت ئاسمانیش ڕوون بێت و هەور نەبێت، بۆ ئەوەی زۆر بەجوانیش بیبینیت باشترە بە دوربین یان تەلەسكۆپ تەماشای بكەیت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەم كلكدارە بۆ یەكەمجار پار ساڵ لە مانگی ئادار دۆزرایەوە كاتێك تازە هاتبوو بۆ نێو كۆمەڵەی خۆر و بەرەو ئاڕاستەی خۆر دەڕۆیشت، بەپێی ئەنجامدانی پێوانەكردن بۆ خێراییەكەی و جۆری خولگەكەی ئێستا دەزانین نزیكەی 50 هەزار ساڵی پێدەچێت بۆ ئەوەی ئەو كلكدارە سوڕێك بە دەوری خۆر تەواو بكات، واتە دوای ئەوەی ئەمجارە كۆمەڵەی خۆركەمان جێدەهێڵێت تاوەكو پەنجا هەزار ساڵی تر ناگەڕێتەوە و نابینرێتەوە تا ئەو كاتە.
كلكدار چیە ؟
كلكدارەكان ئەو تەن و بارستانەن، كە لە خولگەیەكی زۆر هێلكەیی درێژ بە دەوری خۆر دەسوڕێنەوە لەنێو كۆمەڵەی خۆر، تیرەكانیان لە چەند مەترێكەوە بۆ دەیەها كیلۆمەتر و زیاتریش دەبێت، بەزۆری ناوكەكانیان پێكهاتەكەی لە ئاوی بەستوو، گازی بەستوو یان بەردی ڕەق پێكدێت.
كاتێك كلكدارەكان لە خۆر نزیك دەبنەوە ئەو ماددە بەستووانە دەبنە هەڵم و گاز و بە هۆی تیشك و ڕەشەباكانی خۆر دەدرەوشێنەوە و كلكێكی درێژ پێكدێنن، كە هەندێك جار درێژیەكەی لە ملیۆنەها كیلۆمەتر زیاترە و لەسەر زەوی بە چاوی ئاسایی لە كاتی شەودا دەبینرێت.
دیوێكی خولگەكانیان زۆر لە خۆر نزیكە و دیوەكەی تری زۆر دوور دەكەوێتەوە لە خۆر تا دەگاتە ناو یان دواوەی پشتێنەی كەیپەر، كە لە دەرەوەی خولگەی هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆرە و دوای خولگەی نیپتۆن دەست پێدەكات.
بۆچی ئەم كلكدارە ڕەنگەكەی سەوزباوە؟
لە پێكهاتەی ئەم كلكدارە جۆرێك كاربۆن هەیە كە پێی دەووترێت dicarbon و لە دوو گەردیلەی كاربۆن پێكدێت، هەروەها ئاوێتەیەكی تری كیمیاییش هەیە پێی دەووترێت cyanogen كە لە توخمی كاربۆن و نایترۆجین پێكدێت، هەردوو ئەم ئاوێتەیە كاتێك لەگەڵ هەڵم و گازی كلكی كلكدارەكە تێكەڵ دەبن و تیشكی خۆریان بەردەكەوێت و دەدرەوشێنەوە، ڕەنگی درەوشانەوەكەشی خۆی سەوزباو دەنوێنێت.