جارێكی دیكەش بەهای دۆلار لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دراوەكان بەرزبووەوە و گەیشتە ١٦٦ هەزار دینار.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی دراوەكان، دۆلاری ئەمریكی بەهاكەی بەرامبەر بە دینار بەرزبۆتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئێستا ١٠٠ دۆلار بە ١٦٦ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی ١٠٠ دۆلار بە ٤ ملیۆن و ٤٤٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەكرێت و هەروەها بە ١٨٦٠ لیرەی توركیە.
ڕۆژی پێنج شەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریكی بڵاویکردەوە؛ پەیڕەوی نوێی گەنجینەی ئەمریکا لە عێراق بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران بۆتە هۆی بلۆککردنی ٨٠٪ی گواستنەوەی دۆلار لە ڕۆژێکدا لە دوای جێبەجێکردنی سیاسەتە نوێیەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمەودوا هەموو گواستنەوەی دۆلار لە بەغدا لەلایەن واشنتۆنەوە پشکنینی بۆ دەکرێت.