هاووڵاتیان بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێن، ئەندامێکی ئەنجومەنیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بیانووەکانی حکومەت بۆ جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکان بێ بنەمان، سەرباری ئەوەی باجێکی زۆر لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت بەڵام خزمەتی هاووڵاتیان ناکرێت.
هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە چوار پارێزگاییە هەر ڕۆژە لە شارۆچکەیەکەوە دێنە سەر شەقام و داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، سوتەمەنی و چاککردنی شەقامەکان دەکەن، بەڵام حکومەت بە بیانووی قەیرانی دارایی پڕۆژەکان جێبەجێناکات.
ڕەمەزان نامیق، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بۆ هاووڵاتیان پرسیارە کە سەرباری ئەو هەموو خێروبێرەی لەم هەرێمەدایە، بەڵام سوودی بۆ هاووڵاتیان نییە، لە کاتێکدا حکومەت دەتوانێت لە ساڵێکدا بە تەنها دوو ڕۆژی فرۆشتنی نەوت پێداویستی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان دابین بکات.
ساڵ دوای ساڵ شارۆچکەکان فراوانتر دەبن، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەک نییە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ڕاگیراون، گەیشتووەتە ئاستێک وەک ڕەمەزان نامیق باسی دەکات، حکومەت ئیتر ناتوانێت پڕۆژە کەڵەکەبووەکان تەواو بکات، بەڵام ئێستا هاووڵاتی لەبری حکومەت پێداویستییەکانی خۆی دابین دەکات، بەڵام حکومەت پارەی باج و ڕسومات لەسەر هاووڵاتیان زیاددەکات، کەچی پارە بەشی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان نییە.
حکومەت بەجۆرێک دەستی خستووەتە داهاتی هاووڵاتیان، کە دەبێت کار بۆ حکومەت بکەن، لەبەرامبەردا حکومەت لە بەرژەوەندی حزب و دەسەڵاتدارەکانە تا هاووڵاتیان، ئەمەش هاووڵاتیانی هێناوەتە سەر شەقام، هەرچەندە ئەوان وەک ئەنجومەنی پارێزگا بەردەوام داواکارییەکانی هاووڵاتیانیان پێدەگات، بەڵام ناتوانن هیچ کارێک بکەن لەبەر ئەوەی ئێستا ڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان لاوازکراوە.
ڕەمەزان نامیق دەڵێت “حکومەت لەبری کاری سیاسی و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، ئێستا ئەرکەکانی ئەنجومەنی پارێزگا جێبەجێدەکات، ڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا لاوازکراوە”.