پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوانەكانی داعشی دژبە ئێزدییەكان بە جینۆساید ناساند



پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەو تاوانانەی كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش دژبە ئێزدییەكان ئەنجامی دا بە جینۆساید ناساندی.

پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ ئەو پرۆژە بڕیارەی پەسەند كرد كە بە دەستپێشخسەری هاوپەیمانی چەپەكان بە سەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز و پارتی یەكێتیی دیموكراتی كریستیان كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە، پێشكەش كرابوو.

نزیكەی ١٠ ساڵ پێش ئێستا ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری ئەو ناوچانەی دا كە زۆرینەی دانیشتووانەی ئێزدی بوون بەتایبەتی شنگال و دەوربەری و زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی لەسەر دەستی چەكدارانی رێكخراوەكە كوژران و نزیكەی ٢٠٠ هەزار كەس بەهۆی مەترسییەكانی داعش ناوچەكانی جێهێشت و ئاوارەبوون.

لە میانی گفتوگۆكان بۆ پەسەندكردنی ئەو پرۆژە بڕیارە، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە پارتی سەوز، ماكس لاكس ڕایگەیاند، “پێویستە ئەو بزانرێت كە بڕیارەكە تەنها بۆ ئەوە نییە كە لە مێژوودا بنووسرێتەوە، بەڵكو ئەوە كارێكی كردارییە”.

راشیگەیاند، “ئەڵمانیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی شكستیان هێنا لە رێگەگرتن لە كۆمەڵكوژی لەو كاتەی كە داعش تاوانی دژبە مرۆڤایەتی لە بەرامبەر هاووڵاتییان ئەنجام دا”.

ماكس لاكس بە رەخنەگرتن لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی گوتی: “پێویستە دان بەوەدا بنێین كە هەنگاومان نەنا ئەو كاتەی كە یارمەتییەكانمان كاریگەرییان دەبوو، هەربۆیە هاووڵاتییان بەهۆی بێدەنگییمانەوە گیانیان لەدەستدا”.

بەپێی ئەو داتا فەرمیانەی كە بڵاوكراونەتەوە، نزیكەی سێ هەزار و ٥٣٠ ئێزدی لەژێر دەستی داعش رزگاركراون كە هەزار و ١١٩یان ئافرەت، ٣٩٩یان پیاو، هەزار و ٤١یان منداڵی كچ و ٩٥١یان منداڵی كوڕ بوونە.

لە هاوینی ٢٠١٤دا رێكخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری قەزای شنگالی دا و ژێرخانی شارەكەی بەتەواوەتی خاپوور كرد و دانیشتووانەكەی ئاوارە بوون، دواتر شارەكە كەوتە ژێر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە و بەو هۆیەوە تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

باڵوێزخانەی عێراق لە ئەنقەرە داوایەك لە توركیا دەكات
پێت باڵوێزخانەی عێراق لە ئەنقەرە داوایەك لە توركیا دەكات
“دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت”
دوات “دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت”
پەیوەنیدر