تا ساڵی 2050 وڵاتی مەغریب پێویستی بە 78 ملیار دۆلار دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، كەرتی تایبەتیش ڕێژەی 85%ی دابین دەكات.
بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت مەغریب وەبەرهێنان دەكات بە بڕی 23.3 ملیار دۆلار تا 2030، 25 ملیار دۆلار لە 2031 تا 2040، 29.5 ملیار دۆلار لە نێوان 2041 بۆ 2050 بە تێكڕای ساڵی سێ ملیار دۆلار لە چوارچێوەی پڕۆژەیەك بە ناوی كەشوهەوا و گەشەپێدان.
ئەم وەبەرهێنانە بەرە بەرە دەبێت، بەوەش مەغریب وەبەرهێنانی زۆری بیانی پەڵكێش دەكات، لەگەڵ گەشەی ئابوورییەكەی.
ئەمساڵ مەغریب ڕووبەڕووی وشكەساڵییەكی بێ وێنە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا بووەوە و كاریگەری گەورەی لەسەر ئابوورییەكەی كرد.
ڕەشید ساری شارەزای ئابووری دەڵێت مەغریب دواكەوتووە لە وەبەرهێنان لە بواری كەشوهەوا.
دەشڵێت وشكەساڵی ئێستا زۆر توندترە لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، پێشتر پێنج ساڵ جارێك وشكەساڵی بوو، ئێستا سێ ساڵ وشكەساڵییە لە پێنج ساڵدا.