وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو لە واشنتن، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئانتۆنی بلینكن كۆبووەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە كرد، لەو كۆبوونەوەی لەگەڵ ئانتۆنی بلینكن ئەنجامی دەدەن باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان، پرسە ناوچەییەكان و هەماهەنگیی ئابووری دەكەن.
چاوشئۆغڵو رایگەیاند: “قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە ساڵی رابردوودا ٣٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند، ئامانجمان ١٠٠ ملیار دۆلارە و بەپێی كۆبوونەوەی نێوان تیمەكانمان دەرفەت لە بوارەكانی وزە و وەبەرهێناندا هەیە، بێگومان، تاوتوێی هەماهەنگیی دووقۆڵیی بەرگری و بەتایبەتی داواكاریمان بۆ فڕۆكەی F-16 دەكەین”.
وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوە كرد، داواكاریی توركیا بۆ F-16 نەك تەنها بۆ توركیا، بەڵكو بۆ ئاسایشی ناتۆ و ئەمریكاش گرنگە “بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ هەماهەنگی و بەرژەوەندیی ستراتیجیی هاوبەشمان، چاوەڕوان دەكەین ئەمە پەسەند بكرێت”.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەیاندا جگە لە بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە، پێشهاتەكانی سووریا، رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز تاوتوێ دەكەن.
چاوشئۆغڵو راشیگەیاند، میكانیزمی ستراتیجیی توركیا-ئەمریكا بە دامەزراوەیی دەكەن و جەختی كردەوە، ئەو میكانیزمە تا ئێستا زۆر بەسوود بووە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئانتۆنی بلینكن جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا كردەوە و وتی، ستایشی ئەو رۆڵە دەكەن كە توركیا لە رێككەوتنی رێرەوی دانەوێڵەی دەریای رەش گێڕاوێتی.