سەردێر

كۆیە بە 11 بڕیار ڕووبەڕووی كۆرۆنا دەبێتەوە

خەڵك

قائیمقامییەتی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا بە 11 بڕیار ڕووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتەوە.


قائمیقامییەتی كۆیە ڕایگەیاندووە، ئاماژە بەكۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر لە28/3/2021 ليژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، پابەندی تەواوی سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەكانی بەیانی ژمارە (12)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و ڕێكار و میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردن و دابەشكردنی ئەركەكان دەگرێتەبەر.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

 

ڕاگەیەنراوێك لە قائمقامیەتی قەزای كۆیەوە

یەكەم: ڕاگرتنی ئاهەنگ و بۆنەی كومەڵایەتی و ئایینی و هەر بۆنەیەكی تر.

دووەم: بەردەوام بوونی قەدەغەكردنی چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە لە مزگەوت و لە ماڵان و هەڵدانی خێمە لە كۆڵان و باخچەكان بەردەوام دەبێت و بنكەی پۆلیس و موختاری گەرەك بەرپرسیارن، و هەر كەسێك پابەند نەبێت بە بڕی (2،000,000) دوو ملیون دینار پێبژاردن پێ دەدرێت.

سێ یەم: داخستنی تەواوی هۆڵەكانی وەرزشییەكان و لەشجوانی و مەلەوانگەكان و هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەكان.

چوارەم: قەدەغەكردنی پێشكەش كردنی خزمەت گوزاری نێرگەلەكێشان لە تەواوی كافی و رێستورانت و یانەكان و گشت ئەو شوێنانە لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی دادەخرێن و هەر كەسێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی (1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (5,000,000) پێنج ملیون دینار پێبژاردنی پێ دەدرێت.

پێنجەم: ئەو شوێنانەی بڕگەی (4)ی سەرەوە پێویستە لە كاتی رێگەپێدراو لە (6)ی بەیانی تا (9)ی شەو خزمەتگوزارییەكانیان لە دەرەوە و باخچەكانیان پێشكەش بكەن و پێویستە مەودای نێوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و ئەوانەی باخچەیان نیە و خزمەت گوزارییەكانیان لە شوێنی داخراو پێشكەش دەكەن پێویستە بە هەمان شێوە مەودای نیوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و تەواوی دەرگا و پەنجەرەكان كراوه بێت و سیستەمی كێشانی هەوا كار بكات بە پێچەوانەوە سزاكانی بڕگەی (4)ی سەرەوە بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

شەشەم: داخستنی بازار و مۆلەكان و شوێنە گشتیەكان لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی و هەر شوێنێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی(1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (4,000,000)چوار ملیون دینار پێبژاردنیان پێ دەدرێت.

حەوتەم: هەموو شوێنە گشتیەكان وەكو (ماركێت، ریستورانت و شوێنە بازرگانیەكان،…هتد) نابێت رێگە بدەن بە چوونەژوورەوەی هاوڵاتییان بۆ شوێنەكانیان بە بێ بەستنی ماسك ، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت بۆ ماوەی (10)رۆژ و خاوەنەكەی بڕی(1,000,000)یەك ملیون دینار پێبژاردن دەدات.

هەشتەم: هەر كەسێك ڕەچاوی بەستنی ماسك نەكات بە پێی رێكارەكانی ئەم بەیانە بەبری (20,000)بیست هەزار دینار پێبژاردن دەدات.

نۆیەم: شوفێری ئوتومبیلەكان بە هەموو جورەكانیەوە (تایبەت ، بارهەڵگر ، كرێ) لە كاتی هەبوونی سەرنشین لە گەلیاندا پێویستە شوفێر و سەرنشین پابەندبن بە بەستنی ماسك، بە پێچەوانەوە بەبڕی (20,000) بیست هەزار دینار بۆ هەر سەرنشینێك شوفێر وەك پێبژاردن دەدات.

دەیەم: بەهێزكردن و بەردەوامی دان بە هەڵمەتی هوشیاری تەندروستی بە تایبەتی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە هەموو جورەكانیەوە بە پێی یاسای رێكخستنی ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ی ساڵی 2019 و بەشداربوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دەزگای حكومی و كەرتی تایبەت و گشت چین و توێژەكان بە تایبەتی بەرپرسانی حكومی و حزبی و كەسایەتی كومەڵایەتی لە هەڵمەتی پابەندبوون بە رێكارە تەندروستیەكان.

یانزەهەم: پێویستە دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت فەرمانبەر و كرێكارەكانیان پابەند بكەن بە بەستنی ماسك و جێبەجێ كردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی لەو دامەزراوەیە ، بە پێچەوانەوە بەبڕی (150,000) سەد و پەنجا هەزار دینار بۆ هەر حالەتێك پێبژاردن بەو دامەزراوە دەكرێت.

ئەم ڕێكارانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و لیژنەهاوبەشەكانەوە چاودێری دەكرێت.
بەهیوای پابەند بوونی هاوڵاتیان و تەندروستیەكی باش بۆ هەموان

قائمقامیەتی قەزای كۆیە
3/4/2021