سەردێر

پزیشكێكی پسپۆڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا 14 پێشنیار ئاڕاستەی حكومەت دەكات

خەڵك

د. پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی ئێستای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان 14 پێشنیار ئاڕاستەی حكومەت دەكات.


ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت، ئەگەر حكومەت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ نەكات و متمانە بۆ خەڵك نەگێڕێتەوە هیچ یەكێك لەو پێشنیارانە ناتوانێت جێبەجێ بكات.

 

دەقی نووسینەكەی د. پشدەر عەبدوڵا:

بۆ دۆخی ئێستای كۆڕۆنا حكومەت پێویستە چی بكات؟

١-ڤاكسینی دژە كۆڕۆنا بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان دابین بكات.

٢-بوودجەیەكی گەورە بۆ وەزارەتی تەندرووستی دابین بكات بەجۆرێك ئامادەكاری بكرێت بۆ چارەسەركردنی ژمارەیەكی زۆری نەخۆش بەدابین كردنی زۆرترین ئامێری هەناسەدانی دەست كرد وەك CPAP و VENTILATOR و دەرمان و ئامێرو مەوادی دیاری كردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

٣-مووچە بەبێ لێبڕین و بێ دواكەوتن بدات بەهەموو مووچەخۆران .

٤- هاندان بدرێت بەو پزیشك و كارمەندانەی كە ژیانی خۆیان ئەخەنە مەترسیەوە لە چارەسەركردنی تووشبوانی كۆڕۆنا.

٥-داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی كە مەترسی بڵاوبوونەوەو گواستنەوەی كۆڕۆنایان لێ ئەكرێت وەك گازینۆو چێشتخانەو ڕیستۆرانت و شوێنی ئاهەنگ و مەساج و باڕو شوێنی خواردنەوەو مزگەوت و كلینیكی پزیشك بەتایبەت ئەگەر قەرەباڵغ بوو و بەبێ ماسكیش ڕێگەدرا نەخۆش سەردانی بكات،دوو هەفتە چاوەڕێ بكرێت ئەگەر ژمارەكان هەر لە زیادبووندا بوون ئەوە خوێندنگاكانیش دوا شوێن بن كە بۆ ماوەیەكی كاتی دابخرێن.

٦-نابێت هیچ ماركێتێك ڕێگە بدات كڕیارەكانی بەبێ ماسك داخڵی ماڕكێتەكانیان بن ،ئەگەر ڕوویدا ئەوە ئەبێت خاوەن ماڕكێتەكە سزا بدرێت و دابخرێت.

٧-ئەبێت گەشتكردن و سەیران تەنها بۆ یەك خێزان بێت،ئەگەر كۆبوونەوەی چەند خێزانێك بوو و ئاهەنگ و هەڵپەڕكێی تێدا بوو واتە بەریەك كەوتن و نزیك بوونەوەی تێدا بوو ڕێگای لێ بگیرێت و سزا بدرێن.

٨-داوای هاوكاری لەڕاگەیاندنەكان بكرێت بۆ ئەوەی ووشیاری تایبەت بە خۆپارێزی لە كۆڕۆنا بڵاوبكرێتەوە،مەترسیەكانی تووشبون بەكۆڕۆنا بڵاوبكرێتەوە.

٩- ئەبێت یارمەتی ئەو خێزانە هەژارانە بدرێت كە بەهۆی ڕێكارەكانی حكومەت زەرەرمەند ئەبن.

١٠-ئەبێت هەموو ئامرازەكانی خۆپارێزی بە هەرزانی و بە ئاسانی بگاتە دەست هاووڵاتیان وەك ماسك و مەوادی تەعقیم.

١١- گرنگترین شت حكومەت كە بیكات ئەوەیە كە متمانە بگێڕێتەوە بۆ خۆی بۆ ئەوەی هاووڵاتیان متمانەیان هەبێت بەوەی كە ئەو ڕێكارانەی ئەگیرێنەبەر لەبەر بەرژەوەندی خەڵكەو سیاسی نیە.

١٢-جگە لەو شوێنانەی كە زۆر زەرورن بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵك وەك دووكان و ماركێتی فرۆشتنی خۆراك ئەوانیتر دابخرێن، ئەو شوێنانەش بەبێ بەستنی ماسك نابێت هیچ كەسێك داخڵی شوێنەكە بێت.

١٣-ڕیستۆرانت و چێشتخانەكان بە دێلیڤەری كراوە بن.

١٤-كۆبوونەوەی خەڵك لەناو بازاڕدا ڕێگە پێدراو نەبێت.

بۆ زانیاریتان ئەگەر حكومەت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ نەكات و متمانە بۆ خەڵك نەگێڕێتەوە هیچ یەكێك لەوانە ناتوانێت جێبەجێ بكات.

د.پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان.