سەردێر

توشبووانی پێشوو كۆرۆنا گۆڕاوەكان دەگرنەوە؟

خەڵك-

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایكردووە سیستمی بەرگری چاكبووەوەكانی نەخۆشی كۆرۆنا، ڤایرۆسە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا دەناسێتەوە.

دەركەوتنی دەیان جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوودا نیگەرانی و ترسی پەیدا كرد بەتایبەت كاریگەرنەبوونی سیستمی بەرگری توشبووانی پێشتری كۆرۆنا یان ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن.

بەشێك لە توێژەران لە پەیمانگای نیشتمانی بۆ هەستیاری و نەخۆشییەكان لە پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی لە ئەمریكا نمونەی لە 30 توشبووی پێشتر كۆكردەوە كە پێش دەركەوتنی كۆرۆنا گۆڕاوەكان توشبوون.

بەپێی توێژینەوەكە، ئاشكرابووە كە سیستمی بەرگری توشبووەكانی پێشوو وەڵامدانەوەی بۆ كۆرۆنا گۆڕاوەكان هەیە و دەیانناسێتەوە.

لە ئەم توێژینەوەیەدا توێژەران لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی جۆنز هۆبكنز و كۆلێژی تەندروستی لە جۆنز هوبكنز بلۆمبێرگ و كۆمپانیای ئیمونو سكیپ بەشدارییان كردووە.

توێژەران كاری سەرەكییان دۆزینەوەی كاردانەوەی سیستمی بەرگری توشبووانی پێشووی كۆرۆنابووە بۆ ڤایرۆسە گۆڕاەكان كە لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا و بەرازیل دۆزرانەوە و توانیویانە ئەو ئەنجامەیان دەستپبكەوێت، هەرچەند پێویست بە لێكۆڵینەوەی دیكەش هەیە.