سەردێر

د. ڕەھێڵ: ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار

خەڵك

ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ھەرێم لە زیادبووندایە، جێگری وەزیری تەندروستیش ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ڕێژەی تووشبوون گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 411 تووشبووی نوێ تۆماركراوە.

د. ڕەھێڵ فەرەیدون جێگری وەزیری تەندروستی ھەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ھەرێم چاوەڕوان كراوبوو، لە ئێستاشدا ڕێژەكە بەرەولوتكە دەڕوات و گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار.

جێگری وەزیری تەندروستی ھەرێم وتیشی: بەپێی ستانداردی جیھانی ڕێژەی تووشبوون تا 7% ئاساییە، بەڵام لەو ڕێژەیە زیاتر مەترسیدارە، لە ئێستادا لە ھەرێم گەیشتووەتە زیاتر لە 10% ی تووشبووان.

د. ڕەھێڵ فەرەیدون جەختیشیكردەوە، ئاھەنگەكانی نەورۆز و دروستكردنی قەرەباڵغی و گردبوونەوە و پابەندنەبوونی ھاووڵاتیان بە ڕێنماییەكانی خۆپارێزی ھۆكاری سەرەكی زیاتر بوونی ڕێژەی تووشبووانە، چونكە بەشێكی خەڵك ھەڵگری ڤایرۆسەكەیە و تێكەڵ بە خەڵك دەبێت و كەسانی تریش تووش دەكات.

ھاوكات بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 411 تووشبووی نوێ تۆماركراوە، 166 تووشبووش چاكبوونەتەوە و 4 تووشبووی كۆرۆناش گیانیان لە دەستداوە.