سەردێر

سەیدسادق.. پشكنینی كۆرۆنا بۆ فەرمانبەران دەكرێت

خەڵك- یەحیا حبیب

ماوەی مانگێكە ناوەندەكانی خوێندن كراوەتەوە و تا ئێستا لە سەیدسادق هیچ تووشبوویەكی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە و بەڕێوەبەری سەنتەری كۆرۆنا لە سەیدسادق دەڵێت، “نزیك 400 نمونەمان لە خوێندكاران وەرگرتووە و هیچ تووشبوویەك تۆمار نەكراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە نمونە لە فەرمانبەرانی دامەزراوەكانی شارۆچكەكەمان وەردەگرین، چونكە مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاووڵاتیاندا هەیە مەترسیان لەسەرە”.

كارزان حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆرۆنا و مەڵبەندی تەندروستی سەیدسادق لە لێدوانێكیدا بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “تا ئێستا لە سنووری شارۆچكەی سەیدسادق و تەواوی خوێندنگاكان خۆشبەختانە هیچ كەسێك نییە كە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبێت لە شارەكەدا”.

وتیشی، “وێڕای ئەوەی كە هیچ تووشبوویەكیش نییە تا ئێستا ئێمە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی لە نێو ناوەندەكانی خوێندن و بە شێوەیەكی هەڕەمەكی نزیك بە 400 نمونەمان لێ وەرگرتوون بە تایبەت ئەو خوێندكارانەی توشی پەتای وەرزی بوون دەركەوتووە كە هیچیان تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا نین خۆشبەختانە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “لە هەفتەی داهاتوو ئێمە لە فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی شارۆچكەی سەیدسادقەوە دەستپێدەكەین، چونكە ئەوان مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاووڵاتیان هەیە مەترسی تووشبوونیان زیاترە و ئومێد دەكەین هیچ تووشبوویەكی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار نەكرێت”.