سەردێر

بەشە ڤاكسینی پارێزگای هەڵەبجە نادیارە

خەڵك – یەحیا حبیب

ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، “تا ئێستا هیچ ڕێژەی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ پارێزگای هەڵەبجە دیاری نەكراوە و لەگەڵ دیاریكردنی بڕیاری لەسەر دەدرێت كە لە كێ دەدرێت”.


شاناز نەقشەبەندی، وتەبێژی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “لە ئێستادا نەخۆشخانەی وەفا لە پارێزگای هەڵەبجە كە تایبەتە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و نەخۆشییە گوازراوەكان دوو نەخۆشی كۆرۆنا داخل بووە و هەردووكیان لە ژێر ئۆكسجیندان”.

وتیشی، “ئەو دوو نەخۆشە لە تەمەنی پێگەیشتوودان و كوڕ و كچێكن و خۆشبەختانە بارودۆخی تەندروستییان هێندە خراپ نییە و لە ژێر چاودێری چڕدا نین”.

لە بارەی ڤاكسینی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە شاناز نەقشەبەندی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، “تا ئێستا هیچ ئاگادارییەكی فەرمیمان بۆ نەهاتووە بۆ پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا و ڕێژەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و لەگەڵ دیاریكردنی ڕێژەكە بڕیاری لەسەر دەدرێت كە لە كێ دەدرێت”.

ئەمەش لە كاتێكدایە، تەندروستی پارێزگای سلێمانی 31 مەڵبەندی تەندروستی و 420 كارمەندی بۆ تیمی كوتان بە ڤاكسین ئامادەكردووە و بڕیارە سبەینێ بەشی سلێمانی لە بڕە ڤاكسین بگاتە دەستیان.