سەردێر

جەنگ تەندروستی سوریای وێران كرد

60%ی سوریاییەكان كاریگەری وێرانی نێوەندەكانی چاودێری تەندروستیان لەسەر دروستبووە

خەڵك-

بەپێی راپۆرتی لیژنەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی قەبارەی وێرانكاری لەسەر تەندروستی سوریا ئاشكرا دەكات كە تووشی ئیفلیجییەكی گەورەی كردووە بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

ئەو راپۆرتە بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوە نێوخۆییە سوریاییەكان ئامادەكراوە، ئاماژە بەوە دەكات نەخۆشخانەكان لە شوێنێكی بڕواپێكراوەوە بۆ سوریاییەكان بوونە شوێنێكی گومانلێكراو لەكاتی چونەناویانەوە.

ساڵانی جەنگ سیستمی تەندروستی لە سوریا زیانی زۆری بەركەوت، نەخۆشخانەكان وێران بوون، كادری پزیشكی كەمیكرد، لەگەڵ هاتنی كۆرۆنا رەوشەكە خراپتر بوو.

60%ی سوریاییەكان كاریگەری وێرانبوونی نێوەندەكانی چاودێری تەندروستیان لەسەر دروستبووە، 33%یان راستەوخۆ رووبەڕووی هێرش بوونەوە، 24% دەڵێن ناتوانن بگەن بە چارەسەریی پێویست بەهۆی هێرشەكانەوە، 24% ناچاركراون ماڵەكانیان چۆڵ بكەن بەهۆی هێرشەكانەوە.

72%ی هێرشە ئاسمانییەكان نێوەندە تەندروستییەكانیان بە ئامانج گرتووە و 68%ی كارمەندانی تەندروستی لە كاتی بۆردوماندا لەنێو نێوەندەكانی تەندروستیدا بوون، 81% دەڵێن هاوكار یان نەخۆشەكانیان بریندار بوون یان كوژراون لە هێرشەكاندا.

70%ی كارمەندانی تەندروستی سوریا وڵاتیان جێهێشتووە، ئێستا یەك پزیشك بۆ هەر 10 هەزار سوریاییەكە، بۆ پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە كاری كارمەندا بۆ 80 سەعات لە هەفتەیەكدا زیادكراوە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەكردووە 337 هێرش كراوەتەسەر بنكە تەندروستییەكان لە باكوری خۆرئاوای سوریا لە نێوان 2016 بۆ 2019 و نیوەی دامەزراوە پزیشكییەكان كە ژمارەیان 550یە لە ناوچەكە لە خزمەتدا ماون.