سەردێر

مەسرور بارزانی: دەبێت ڤاكسین بۆ زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكەین

خەڵك
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: خۆشحاڵم بە گەیشتنی یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە.


مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا بەبۆنەی گەیشتنی یەكەم كاروانی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ هەرێم لە وڵاتی چینەوە، دەڵێت:”حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ، كار دەكات بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینكردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاكسینەی بە حكومەتی فیدراڵ دەدرێت”.

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی هەرێم:

خۆشحاڵم بە گەیشتنی یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا (COVID-19 ) بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە.
سوپاسی كۆماری چین دەكەین بۆ ئەم هاوكارییە مرۆییە، كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە ڤایرۆسەكە و پاراستننی پزیشكان و كارمەندانی هێڵی پێشەوە.

پاش پەسەندكردنی پلانی دابەشكردن، ڤاكسینەكان بۆ سەنتەرەكانی دیاریكراو لە هەموو پارێزگاكان، دابین دەكرێت تاكو بدرێ بەو گروپانەی لە هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ، كار دەكات بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابون لە دابینكردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاكسینەی بە حكومەتی فیدراڵ دەدرێت، ئێمە لەگەڵ كۆمپانیا پێشەنگەكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان. من بەجیددی كار لە سەر ئەم بابەتە دەكەم و بەدواداچون دەكەم بۆ دڵنیابون لەوەی، هەر كوردستانییەك بە زوترین كات ڤاكسینی پێ بگات.

بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام دەبێت ڤاكسین بۆ زیاتر لە 6 ملیۆن هاوڵاتی هەرێم دابین بكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئێستا كار لە سەر ئەنجامدانی بەرنامەیەكی كوتانی گشتگیر بۆ دانیشتوانی هەرێم دەكات، كە تیمی تەندروستی و كارمەندانی هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی مەترسیی توشبونیان هەیە دەگرێتەوە. پاشان كوتانی زۆرترین ڕێژەی هاوڵاتیان بەپێی تەمەن و ڕێنماییە دیاریكراوەكان دەست پێ دەكات . هیوادارین دوای ئەم قۆناغە، بتوانین بگەڕێینەوە سەر ژیان و گوزەرانی خۆمان و دۆخی ئابوریش گەشە بكاتەوە.

من دڵنیام دەتوانین باردۆخەكە ئاسایی بكەینەوە، بەڵام بێگومان حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەمە بكات، بۆیە دەبێت هاوڵاتییان بەگشتی، هاوكار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بگێڕن . ئەمەش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تەندروستی و ڕێكارەكانی خۆپارێزی كە لە پێناو پاراستنی كۆمەڵگەیە بە گشتی.