سەردێر

ڤاكسین دەدرێتە كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان

مامۆستایان و خوێندكاران لە ڤاكسین بێ بەش دەكرێن

خەڵك
ئەمڕۆ كاروانی یەكەمی ڤاكسین گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، كە پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە.

بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی سەرەتا ڤاكسین دەدرێتە كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و نەخۆشانی قورس و بە تەمەنەكان، بەڵام باس لە مامۆستایان و خوێندكاران نەكراوە، كە لە دوای بواری تەندروستی مەترسیدارترین شوێنی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنان.

دوێنێ‌ هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان كە بڕی 110 هەزار ژەمە و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت پێشبینی دەكەین پشكی پارێزگای سلێمانی لە سەروو هەزار دانەبێت.

هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڤاكسینەی دوێنێ‌ هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان لە وڵاتی چینەوە دێت و هێشتا بڕەكەی بۆ پارێزگاكان دانەنراوە، بەڵام پێشبینی دەكەین لە سەروو هەزار دانەوە بێت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵام كە دەڵێین هەزار واتە 500 كەس ڤاكسینەكە وەردەگرێت و دیار نییە كەی دەگاتە پارێزگاكە.

سەبارەت بە شێوازی دابەشكردنی ڤاكسینەكە هێرش سەید سەلیم وتی: یەكەم كەس بۆ ئەو كارمەندە تەندروستیانە دەبێت كە لە كۆرۆنا كار دەكەن دواتر بەپێی تەمەن دابەش دەكرێت و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دواتر كەسانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و بەندیخانەكان و ئەو كەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی باشترە بەراورد بە شوێنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان حاڵەتی پۆزەتیف هەر بوونی هەیەو بەردەوام توشبوو هەیە، بەڵام كەمتر پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانەكان هەیە.

سەبارەت بە كۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای سلێمانی وتی “تا ئێستا پشكنینەكان لە پارێزگای سلێمانی كۆرۆنای گۆڕاویان پشتڕاست نەكردووەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە حاڵەت هەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی نەخۆشخانەكان لە ئاستێكی باشدایەو
تاك پارێزی گرنگترین شتەو پێویستە جێبەجێبكرێن بەتایبەتی لە ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستاو خوێندكاران ماسك ببەستن و ماوەی كۆمەڵایەتی نێوانیان بپارێزن.