سەردێر

نەخۆشخانە ئەهلییەكان سەرپێچییان كردووە

پارەی زیادەیان لە نەخۆشانی كۆرۆنا وەرگرتووە

خەڵك-
ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێكهێنرا بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی كۆڕۆنا وەرگیراوە لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلییەكان بەجۆرێك كە پارەی زیاتریان لێوەرگیراوە لەو بڕەی كە وەزارەتی تەندروستی دیاری كردبوو.

ئاسۆ حەوێزی لە راگەیەنراوێكدا وتیشی، دوای تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاریدا نەخۆشخانە ئەهلییەكان داشكان بكەن بۆ تووشبووانی كۆرۆنا سەرەتا داشكاندنەكە بەڕێژەی 25% و دواتر بەڕێژەی 50%.

دەشڵێت، هەندێك نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەكان خەرجی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیە لیژنەكە سەردانی هەموو نەخۆشخانەكان دەكات.
ئاماژە بەوەشدەكات، تەنها لە یەك نەخۆشخانەی ئەهلی دەركەوتووە پارەی زیادە لە 33 نەخۆش وەرگیراوە كە دەكاتە بڕی زیاتر لە 116 هەزار دۆلار بەرامبەر بە 169 ملیۆن دینار كە لە ئەمڕۆوە بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێندرێتەوە.

وتیشی، لیژنەكە بەردەوامە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەكان و بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانە دەكەن كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە و هەر نەخۆشخانەیەك سەرپێچی كردبێت و پارەی زیادەی وەرگرتبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەخۆش بە خاوەن مافەكان.