سەردێر

“تووشبوون بەكۆرۆنا لەناوەندەكانی خوێندن لەپەروەردە و زانكۆكان زیادیكردووە”

بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: ئەگەرێكی زۆر هەیە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار بدات بۆ ماوەیەكی كاتی دەرگای خوێندنگە و زانكۆكان دابخرێنەوە.


د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند: ژمارەی تووشبووان بەكۆرۆنا لەهەرێم لەهەڵكشاندایە و زۆر زیادیكردووە، بۆیە ڕۆژی دووشەممە 1ی ئازاری 2021 لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و دوو بابەتی گرنگیش تەوەری كۆبوونەوەكە دەبن.

د.ڕەهێڵ فەرەیدون ڕوونیكردەوە، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە جێبەجێنەكردنی بڕیاری پێشتر بۆ داخستنی سنوورەكان و ڕێگەدان بەهاتنی گەشتیاران بەتایبەت لەناوچەكانی تری عیراقەوە بۆ هەرێم كە پێشتر بڕیاردرابوو هاتنی گەشتیاران قەدەغە بكرێت، تەوەرێكی تریش لەبارەی خوێندنەوە دەبێت، چونكە چوارەم هەفتەیە پڕۆسەی خوێندن دەستیپێكردووەتەوە و دۆخی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ناوەندەكانی خوێندن لە پەروەردە و زانكۆكان زیادیكردووە، بۆیە ئەگەرێكی زۆر هەیە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار بدات بۆ ماوەیەكی كاتی دەرگای خوێندنگە و زانكۆكان دابخرێنەوە.

بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕاشیگەیاند: لەناو ناوەندەكانی خوێندن وەك پێویست ڕێنماییە خۆپارێزییەكان جێبەجێنەكراوە، بۆیە ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا زیادیان كردووە.

جێی ئاماژەیە، بڕیارە سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەبارەی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بەكۆرۆنا كۆدەبێتەوە و بە ئەگەرێكی زۆرەوە بڕیار دەدات جارێكی تر ناوەندەكانی خوێندن بۆ ماوەیەك دابخرێنەوە.

خەڵك – بەشی هەواڵ