سەردێر

تەندروستی دهۆك هۆشداری دەدات

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە دهۆك ڕایدەگەیەنێت، لە دوو هەفتەی داهاتوودا ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دهۆك زیاد دەبێت.


د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە دهۆك ڕایگەیاند: “بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، هێشتا ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا نەگەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، بەڵام پێشبینی دەكەین مانگی داهاتوو ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دهۆك زیاتربێت، بەتایبەتی لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا. پێشبینی دەكەین لە مانگی نیسان ژمارەی تووشبووەكان زیاتر بێت، بەشێكیشی پەیوەستە بە كەمبوونەوەی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە ڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە”.

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە دهۆك ئاماژەی بەوەشدا، لە سنووری پارێزگاكە 15 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو بوون، ئەوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشی ڤایرۆسەكە بوون و بۆ پشتڕاستكردنەوەش پشكنینەكانمان ڕەوانەی هەولێر كردن و هەموویان ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون.

سەبارەت بە گرتنەبەری رێكاری نوێ لە پارێزگای دهۆك، د. فەرهاد ئیسماعیل وتی”گومانی تێدا نییە بڕیاری نوێ لەبارەی تووندكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە دهۆك دەردەچن. لیژنەی باڵای پارێزگا كۆدەبێتەوە و بەپێی ئامار و پێشهاتەكان بڕیار دەدات. لە شوێنە گشتییەكان زیاتر پێویستە پابەندبوون هەبێت و سەرپێچیكاران سزابدرێن”.

دەربارەی تووشبوون لە نێو خوێندنگەكان، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە دهۆك جەختی لەوە كردەوە “ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان ئەوە دەرناخەن پێویست بە داخستنی قوتابخانەكان بكات. لە دهۆك تووشبوونی مامۆستا و قوتابیان بە كۆرۆنا زۆر كەمە. لە سەرانسەری دهۆك تەنیا یەك خوێندنگا داخراوە، ئەویش لە شارۆچكەی ئاكرێ بووە، لە ناوچەكانی تری دهۆك هیچ خوێندنگایەك بەهۆی كۆرۆناوە دانەخراوە و ژمارەی تووشبووان لەنێو خوێندكاران كەمە”.

خەڵك – بەشی هەواڵ