چەند زانیارییەك دەربارەی فشاری خوێن (ضغط) و شێوازی پێوانی

سەردێر

خەڵك-
فشاری خوێن (ضغط الدم)، ئەو فشارەیە خوێن دەیخاتە سەر بۆڕی خوێنبەرەکان، یەکێکە لە نیشانە زیندەگیە گرنگەکانی مرۆڤ، بۆیە پێویستە لەکاتی پێوانی فشاری خوێن، دڵنیابین لەوەی پێوانەکە دروستە.

د. هێرش قادر دەربەندی، خوێندكاری بۆردی عەرەبی (دکتۆرا) لە نەخۆشیەکانی هەناو ڕوونی كردۆتەوە، سێ‌ ڕێگا هەیە بۆ دەستنیشان كردنی بەرزی فشاری خوێن و زۆر گرنگە دەرمانەکانی چارەسەری بەرزی فشاری خوێن بە دروستی بەکاربهێنرێن.

چەند هۆکارێک پێویستە بەهەند وەربگیردرێن لەکاتی پێوانی فشاری خوێن:
١/ قەبارەی کەفی ئامێرەکە (حجم الکفە) هەڵە دەبێتبێت ئەگەر قەبارەی بچووک بێت، چونكە دەبێتە هۆی زیاد خوێندنەوە، قەبارەی گەورە دەبێتە هۆی کەم خوێندنەوە، بۆیە پێویستە قەبارەکەی گونجاو بێت بەپێی کەسەکە.
٢/ پێویستە قۆڵ (باسک) بە ئاسۆیی لە ئاستی دڵ ڕاگیرابێت، داگرتنی باسک له خواروی ئاستی دڵ دەبێتە هۆی زیاد خوێندنەوە، بەرزکردنەوەی باسک بۆ سەروی ئاستی دڵ دەبێتە هۆی کەم خوێندنەوە.
٣/ شێوازی دانیشتن شێوازی ستاندارده بۆ پێوانی فشاری خوێن.
٤. باسک پێویستە هاوکاری کرابێ (جێگیر کرابێت) لەسەر تەنێک وەکو مێز، گەر باسک جێگیر نەکرابێت ئەوا دەبێتە بەرز خوێندنەوەی ژمارەکەی ژێرەوە.
٥/ پێش پێوانی فشاری خوێن وا پێویستە مادەی کافاینت نەخواردبێ وەکو ( چایە و قاوە)، پێویستە چالاکی جەستەییت ئەنجام نەدابێ، وا دروستە چارەكێک پشوو بدەی دواتر فشاری خوێن بپێورێ، تاکو لە ڕووی جەستەیی و دەروونیش ئارام بیت.
٦/ وا دروستە جل و بەرگێک لەبەرنەکرابێ، کە لە شوێنێ پێوانەکە توند بێ، دروستە لەکاتی پێوانەکردنەکە قسە نەکرێت.
7/ بۆ دەست نیشاکردنی بەرزی فشاری خوێن، پێویستە فشاری خوێن له هەردوو باسک پێوانە بکرێ. ئەگەر جیاوازی فشاری خوێن لە نێوان هەردوو باسک زیاتر بوو لە ٢٠ ملم مێرکوری، ئەوا پێویستە پێوانەکردنە دووبارە بکرێتەوە، گەر لەکاتی دووباره پێوانەکردن جیاوازیەکە هەر زیاتر بوو لە ٢٠ ملم مێرکوری، ئەوا ژمارە بەرزەکە هەژمار دەکرێت.

چەند ڕێگایەک هەیە بۆ دەست نیشانکردنی بەرزی فشاری خوێن:
١/ پێوانەکردن لە کلینیکی پزیشک.
٢/ پێوانەکردن له ڕێگەی ئامێرێک، کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دادەنرێ لە باسک.
٣/ پێوانەکردنی فشاری خوێن لە هەردوو باسک لە بەیانیان و ئێواران بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ دواتر تێکڕای ڕۆژەکان وەردەگیرێت.

وەك ئەو پزیشكە دەڵێت: “ڕێگای دووەم و سێهەم دروستتر و زانستی ترە و زۆر گرنگە دەرمانەکانی چارەسەری بەرزی فشاری خوێن زۆر بە دروستی بەکاربهێنرێ، چونکە بەرزی فشاری خوێن لە هۆکارە سەرەکیەکانی جەڵتەی دڵ و مێشکن”.