سەردێر

وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

وەزارەی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا 13 بڕیاری نوێی دەركرد.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڕیارەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكان و زانكۆ و پەیمانگەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام دەبێت. بۆنە و یادە نەتەوەییەكان بەرز ڕادەگیرێت بەبێ ئەوەی هیچ گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ كە كەمێك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە ئاماژە بە 13 خاڵ كراوە. لە خاڵێكدا هاتووە” سنوورداركردنی هاتنی گەشتیاران لە پارێزگاكانی تری عیراق بۆ هەرێمی كوردستان جگە لە ئاژانس و ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران و شاندە فەرمییەكانی و ئەوانەی سەردانی پزیشك دەكەن بە پێی ڕێنماییەكان”.

لە خاڵێكی تردا ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بە قەدەغەكردنی داوەت و شایی و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە كراوە و بنكەی پۆلیس، موختاری گەڕەك بەرپرسیارن و هەر كەسێك پابەند نەبێت بە بڕی (2.000.000) دوو ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەكرێت.

هەروەها، بۆنە و یادە نەتەوەییەكان بەرز ڕادەگیرێت بە بێ ئەوەی هیچ گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەین زیاتر هاوكارمان بن.

هاوكات، ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆكان كۆبوونەوە دەكەن بە مەبەستی زیاتر توندكردنی ڕێكارەكانی تەندرووستی بە تایبەتی بەستنی ماسك، ڕێگەنەدان بە گردبوونەوە و كۆبوونەوە و جێبەجێكردنی سزای نەبەستنی ماسك بە پێی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی (2020).

لە خاڵێكی تردا ئەوە خراوەتەڕوو، هەموو چالاكییە وەرزشییەكان بە بێ ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگاكان ئەنجام دەدرێت.