سەردێر

پێشبینی بەرزبوونەوەی توشبووان دەكرێت

خەڵك- ئارام سەردار

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو پێنج كەسەی گومانی تووشبوون بەكۆڕۆنای گۆڕاویان لێدەكرا دوای چەند جارێك لە دووبارەكردنەوەی پشكنینەكان دەركەوت تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای تازە بوون.

دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پێنج ئەو كەسە توشبووە، سەرجەمیان دانیشتووی ناو شاری هەولێرن و تەمەنیان لە نێوان ٢٠ تا ٤٠ ساڵە و لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێن.

دەشڵێت، پێشتر ڕۆژانە دە تا ١٥ تووشبوومان هەبوو، بەڵام ئێستا ڕۆژانە نزیكەی ٥٠ توشبووی كۆڕۆنا تۆمار دەكرێت، بۆیە پێشبینی دەكەین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە بەرز بێتەوە.

باسی لەوەشكرد، كۆڕۆنای گۆڕاو خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە ڕێوشوێنی پێشووتر بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە دەبینەوە و نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چاودێری چڕ كە ٤٠ نەخۆش لە خۆی دەگرێت لەم هەفتەیەدا دەكرێتەوە.

سەبارەت بەكەرەنتین وتی: بەگشتی داواكارین لە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی ڕێكارەكانی خۆپارێزی فەرامۆش نەكەن، ئێمە لەگەڵ جێبەجێ كردنی ڕێنماییەكانی تەندروستی و پشكنین لەبازگەكان و توندكردنی ڕێكارەكان، ئامارەكانیش لەبەردەستی وەزارەتن شیكردنەوەیان بۆ دەكرێت و بڕیار و ڕێكاری نوێ گەر پێویست بكات دەردەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ قوتابخانەكان ئەگەر ئەو ژمارەیەی هەیە بەرزتر نەبێتەوە لە تووشبوونی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بەو ڤایرۆسە، ئەوا ڕێكارەكانمان گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، چاودێری تەندروستی قوتابخانەكان لە پاراستنی تەندروستی دەكەین بەردەوام پشكنین ئەنجام دەدرێت.