سەردێر

ڤایرۆسێكی دیكە لەناو منداڵانی هەرێم بڵاودەبێتەوە

خەڵك-
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ئاشكرای دەكات، كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی لەناو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆی تا و ئازار و بە نزیكەی دوو هەفتە چاك دەبێتەوە و دەشڵێت: “دەرمانی ئەنتی بایۆتیك مەدەن بە منداڵەكانتان”.

د. ڕەزا حەسەن، پزیشكی نەخۆشییەكانی منداڵان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نەخۆشییەكی ڤایرۆسی لەناو منداڵاندا بڵاوبۆتەوە، كە پێی دەوترێت “نەخۆشی ڤایرۆسی دەستو دەم و قاچ” و بەهۆی ڤایرۆسی (كۆكساكی A16) ڕوودەدات.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە لەناو منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ بڵاوبۆتەوە و سووڕی ژیانی ڤایرۆسەكە ٧-١٠ ڕۆژە.

سەبارەت بە نیشانەكانی نەخۆشیەكە ئەو پزیشكە دەڵێت: “منداڵەكە بۆ ماوەی ١-٢ ڕۆژ (تا)ی لێ‌ دێت لەگەڵ برین و بڵقی ناودەم و دەست و قاچ و دەوروبەری، كە ڕەنگیان سوور و لەشێوەی سووتاوی ئەچن و برینەكانی ناودەمی مناڵەكە زۆر بەئازارن و لەوانەیە مناڵەكە نەتوانێ خواردن بخوات”.

سەبارەت بە ڕێگا چارەسەرەكان د. ڕەزا ڕوونی كردۆتەوە، ئەم نەخۆشیە مەترسی نییە و لەماوەی ١-٢ ھەفتەدا چاك ئەبێتەوە و تەنھا پێویستی بەدەرمانی تا و ئازارە بەشێوەی شروب یان شاف و ھەندێ جاریش سپرای ناو دەم.

دەشڵێت: “پێویستە منداڵ دووربخرێتەوە لە خۆراكی ترش و تفت و گەرم، بەڵكو شلەمەنی سارد باشترە و ھەندێ جاریش پێویستیان بەداخل بوونە”.

د. ڕەزا هۆشداری لەبارەی دەرمانی دژە هەوكردن دەدات و دەڵێت: “بەھیچ شێوەیەك نابێ ئەنتی بایۆتیك و دەرمانی دژە كەڕوو بەكاربھێنرێت”.