سەردێر

نەخۆشخانەیەكی كۆرۆنا چۆڵكرا

خەڵك-ئارام سەردار

(نەخۆشخانەی مریەمانا) تایبەت بە كۆرۆنا لە هەولێر داخرا دوای چۆڵبوونی لە توشبووانی كۆرۆنا.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەدەستپێشخەری مەتڕانی شارۆچكەی عەنكاوە، قوتابخانەیەك وەك نەخۆشخانە بۆ چارەسەری تووشووانی كۆرۆنا لەهەولێر دیاریكرا كە توانای لەخۆگرتنی ١٠٠ نەخۆشی هەبوو، بەتایبەت ئەو كەسانەی پێویستیان بە ئۆكسجین بوو.

دەشڵێت، بەهاوكاری ژمارەیەك كۆمپانیای كەرتی تایبەت توانرا پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت و بكرێتە نەخۆشخانەیەكی مەیدانی كە لەماوەی چوار مانگدا ٦٠٠ نەخۆشی تێدا چارەسەركراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەم نزیكانە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەچاودێری چڕ لەهەولێر دەكەنەوە بۆ چارەسەركردنی تووشبوانی كۆرۆنا و سەرجەم نەخۆشەكانی تر كە پێویستیان بەچاودێری چڕ هەیە.

باسی لەوەشكرد، ژمارەی تووشبووان كەم بووەتەوە و نەخۆشخانەكان بەرەو ئاسایی بوونەوە چوون، ئومید دەكەین بەردەوام بێت، بەڵام بەپێی داتاكان لەعیراق و وڵاتانی ناوچەكە ژمارەی تووشبووان زیاتر دەبێت، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكەین ڕێگای خۆپارێزی تەندروستی بەبەستنی دەمامك جێبەجێ بكەن.