سەردێر

رێوشوێنی بەپەلە لە كوێت‌و قەتەر

خەڵك-

كوێت ئاشكرایكرد یەك شەممەی ئایندەوە چوونی كەسانی بیانی بۆ كوێت قەدەغە دەكەن.

بەپێی بەیاننامەیەك كە مێدیاكانی كوێت بڵاویانكردەوە سەرجەم ئەوانەی لە دەرەوە دەچنە خاكی كوێت كەرەنتینە دەكرێن.

ئەم بڕیارەی كوێت دوای بڕیاری وڵاتانی عەرەبییە بۆ رێگری لە هاتنی كۆرۆنای نوێ وەك نەوەی بەریتانی و ئەفریقای باشوری.

لە قەتەریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆمەڵەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ پێشگرتن بە كۆرۆنا رایگەیاند رێوشوێنی نوێ رادەگەیەنن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئامارەكان لەوانە رێگری لە ئاهەنگ و كۆبوونەوە گشتییەكان دەكەن، لەگەڵ داخستنی گۆڕەپانە وەرزشییەكان، یانەكانی شەوانە، ئامێرەكانی وەرزش لە پارك و كەناراوەكان و كۆبوونەوەكان لە 15 زیاتر نەبن.

راشیگەیاندووە بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان و چوونە نێو نەخۆشخانە، ئاماژەیە بۆ روودانی شەپۆلی دووهەم، پێویستە هەمووان پابەندی رێوشوێنەكان بن.

لەلایەكی دیكەوە عەرەبستانی سعودیە بڕیایدا سەرجەم ئاهەنگ و كۆبوونەوە گشتییەكان بۆ ماوەی 30 رۆژ رابگیرێن و ناشبێت هیچ كۆبوونەوەیەك لە 20 كەس زیاتر بن‌و سەرجەم چالاكییە هونەرییەكان رادەگیرێن و هۆڵەكانی سینەما و ناوەندە رۆشنبیریی و وەرزشییەكان دادەخرێن.

رۆژی هەینی رابردووش عەرەبستان بڕیاریدا كە رێدان بە سەفەری هاووڵاتیان و كردنەوەی دەروازە وشكایی و هەوایی و ئاوییەكان تا 17ی ئایاری داهاتوو نەكرێنەوە كە بڕیاربوو لە 31ی ئاداردا بكرێنەوە.

هاوكات لە میرنشینی دوبەی كۆمەڵێك رێوشوێن بۆ پارێزگاری لە كۆرۆنا گیرانەبەر بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەكانەوە.