سەردێر

نەخۆشخانەیەك دروستدەكرێت

سلێمانی – نزار جەزا

بڕیارە لەماوەی داهاتوودا ئەڵمانیا نەخۆشخانەیەكی تایبەت لەسلێمانی بكاتەوە، پاشان نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆش چۆڵبكرێت لەنەخۆشانی كۆرۆنا.

بەپێی ئامارە بەردەستەكان، لەئێستادا ١٧ تووشبووی كۆرۆنا لەنەخۆشخانەی شەهید هێمن ماونەتەوە و شەش نەخۆشیش لەنەخۆشخانەی شەهید ئاسۆن.

لەمانگی ڕابردوودا نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ نەخۆشەكانی گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی دیكە و بەتەواوی چۆڵكرا لەتووشبووانی كۆرۆنا.

هاوكات نەخۆشخانەی ئاسا، ماوەی دوو هەفتەیە هیچ نەخۆشێكی كۆرۆنای تێدانەماوە و نەخۆشخانە ئەهلییەكانیش نزیكی سێ هەفتەیە نەخۆشی كۆرۆنایان تێدانەماوە.

عەبدوڵڵا محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەرێگەی كونسوڵخانەی ئەڵمانیاوە خەریكی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكن، كە مانگێكە دەستكراوە بەكاركردن تێیدا و دوو مانگی ماوە تەواوبێت.

ئەوەشی باسكرد، كاری زۆر باشی تێداكراوە و لەئایندەیەكی نزیكدا كارەكانی تەواودەبێت.

ئاماژەی بەئەوەدا، نەخۆشخانەكە ٦٠ دانە قاوشی ئاساییە و ٤٠ دانەشی چاودێری چڕە.

باسی لەئەوەشكرد، ئەوكاتەی كە نەخۆشخانەكە تەواوبوو، سەیری دۆخی كۆرۆنا دەكەن، ئەگەر دۆخەكە لەباربێت، نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ بەڕووی نەخۆشانی كۆرۆنا دادەخەن و دەیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید هێمن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایی بوونەوەی دۆخی ژیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەندروست نییە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ڕێژەی تووشبوون بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لەدابەزینە.

ئەمە لەكاتێكدایە ژیانی هاوڵاتییان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاسایی بۆتەوە و هەموو شوێنە گشتییەكان بەڕووی هاوڵاتییاندا كراونەتەوە.