سەردێر

تەندروستی جیهانی لەبارەی بەشە ڤاكسینی هەرێم ڕوونكردنەوە دەدات

تەندروستی جیهانی لەبارەی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا لە هەرێم دەنگۆیەك ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ڕێز لە سەروەری بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی ناوەند و هەرێم دەگرێت لەهەموو پرسە تەندروستییەكان و لەگەڵیدا پرسی كوتانی كرۆنا و كوتانە نیشتمانییەكانی تر.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق (یۆنامی) لە ڕاگەیەنراوێكیدا ڕایگەیاند: ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەو دەنگۆیانەیە ڕەتدەكاتەوە كە لە سەرچاوەیەكی میدیایی ناوخۆیی بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە كۆمەڵێك زانیاریی دەربارەی پلانی كوتانی كۆڤید ــ ١٩ لە هەرێمی كوردستانی عیراق.

دەشڵێت: دەزگایەكی ڕاگەیاندن هەڵساوە بە هەڵە لێكدانەوەی لێدوانی فەرمانبەرێكی تەكنیكیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و دەستەواژەی ناڕوونی بەكارهێناوە سەبارەت بەوردەكاریی جۆر و پلانی كوتانی كۆڤید ــ ١٩ لە عیراق، زانیارییەكە ناكۆكە لەگەڵ ڕۆڵی ئەم ڕێكخراوە لە هەموو ئەو وڵاتانەی تێیدا ئەندامە.

یۆنامی ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاژانسێكی تەكنیكییە و ڕێنمایی تەكنیكیی پێویست دەگەیەنێت بە وەزارەتی تەندروستیی عیراق لەسەر هەردوو ئاستی ناوەند و هەرێم و ڕێز لە سەروەری بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی ناوەند و هەرێمی كوردستان دەگرێت لەهەموو پرسە تەندروستییەكان و لەگەڵیدا پرسی كوتانی كۆڤید -١٩و كوتانە نیشتمانییەكانی تر.

خەڵك – بەشی هەواڵ