سەردێر

وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی دەدات: مەترسییەك لەڕێگەیە

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداریی دەدات لە هاتنەبەری شەپۆلی دووەمی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەڵێت، ئەم شەپۆلە گەر ڕێكاریی خۆپارێزیی لەبەرانبەردا نەگیرێتەبەر، مەترسیدارترە و قوربانی زیاتری لێدەكەوێتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە بڵاوكرایەوە”پێشبینی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەعێراقدا كراوە، ئەمەش مایەی مەترسییە، بە تایبەت لەگەڵ هاتنەبەری شەپۆلی دووەمی پەتاكە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا، وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بە گەڕانەوە كردووە بۆ سەپاندنی چەند ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی كە دەبنە مایەی ڕێًگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەنێو هاووڵاتیان.

پێشتر ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە زاری ژمارەیەك لە شارەزایانەوە بڵاویكردبۆوە كە گەلی عیراق بایەخ بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی نادەن و هەندێكیش لە بەرپرسانی تەندروستی بە هەڵەداچوون كە پێیانوایە، لەپاش كەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا، بەرگری بەكۆمەڵ لە وڵاتدا دروستبووە.