سەردێر

هاوارێک لە وۆهانەوە بۆ تەندروستی جیهانی

"تاوانەکە پەردەپۆش مەکەن"

 

لەگەڵ بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر سەرهەڵدان و دیوی شاراوەو لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەهەفتەی ڕابردوودا چوونە شاری وۆهانی چین، کە بنەچەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو لە جیهانداو تا ئێستا بە هۆیەوە 100 ملیۆن کەسی تووشکردوە، کەسوکاری قوربانیانی ئەو ڤایرۆسەش لە وۆهان داوای کۆبوونەوە لەگەڵ تیمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دەکەن.

ژانگ های، کە هاووڵاتییەکی شاری وۆهانی چینەو دانیشتووی باشووری شاری ژنژن-ە، چەندین جار کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان ڕێکخستووە بەمەبەستی داوای دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە قەیرانی تەندروستی لە شارەکە و جیهاندا، جەختیشی لە پێویستی سەردانی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)کردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان کۆببنەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسە کەمتەرخەمەکانی وۆهان بکەن و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن.

ژانگ های، بۆ ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت : “پێویستە لەگەڵ ئەو خێزانە زیانلێکەوتووانە قسە بکرێت، کە بە وتەی ئەو حکومەتی چین بێدەنگی کردوون دەرهەق بەو زانیارییانەی لایانە لەبارەی سەروەختی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەو کەوتنەوەی ئەو هەموو قوربانییە.

ئەوەشی وتووە؛ هیوادارم ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نەبێتە هۆیەک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و بڵاوکردنەوەی درۆ، دەبێت ڕاستییەکان بڵێت.

بە وتەی ژانگ های، کەسوکاری قوربانییەکان بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن، وەک دەڵێت؛ ئەوەی لەشارەکە ڕوویدا تاوان بوو، بۆیە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە دەڵێن نامەنەوێت بۆ داپۆشینی ئەو تاوانە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)بێنە چین.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی زانیارییەکان، کەسوکاری قوربانییەکان لە وۆهان ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری دەسەڵاتداران بوونەتەوە و ڕێگری لە دەربڕینی راستییەکانیان دەکرێت، بە جۆرێک، دەسەڵاتداران هەڕەشەیان لە کەسوکاری ئەو کەسانە کردووە کە بۆ میدیای بیانی قسەیان کردووە، تەنانەت لە کارەکانیشیان دووریان خستوونەتەوە.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تەئکیدیکردەوە کە زووە بۆ ئاشکراکردنی هەر ئەنجامێک سەبارەت بەلێکۆڵینەوەکانیان لە وۆهان، کە ئایا لەڕاستیدا کۆڤید – 19 لە چینەوە سەریهەڵداوە یان نا.

لەمبارەیەوە، مایکڵ ڕایان، بەڕێوەبەری بەرنامەی فریاکەوتنی ڕێکخراوەکە، وتوویەتی:”هەموو گریمانەکان لەسەر مێزن” بێگومان زۆر زووە بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی تەواو دەربارەی ئەوەی کە ڤایرۆسەکە، چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی چین دەرکەوتبێت”.

جێی بیرهێنانەوەیە، تیمی شارەزایانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە 14ی کانوونی دووەم گەیشتنە شاری وۆهانی چین بۆ لێکۆڵینەوە لەبنەڕەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە پاش زیاتر لەساڵێک دەرکەوتنی یەکەم توشبوو لەو شارە جینییەوە بەرەو جیهان هەنگاوی نا.