سەردێر

شوبات ڤاكسینی كۆرۆنا دەگات

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری تەندروستی هەرێم ئاشكرای دەكات، بڕیارە كۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢١ ڤاكسینی دژە كۆڕۆنا بگاتە عێراق و پشكی هەرێمی كوردستانیش لە ڤاكسینەكە دیاری كراوە و دەگاتە هاوڵاتیانی كوردستان.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارە كۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢١ ڤاكسینی دژە كۆڕۆنا بگاتە عیراق و پشكی هەرێمی كوردستانیش لە ڤاكسینەكە دیاری كراوە و دەگاتە هاوڵاتیانی كوردستان.

وتیشی، بۆ ئەمەش لیژنەیەكی باڵای كوردستان لەسەر هێڵن لەگەڵ عێراق و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی ڤاكسین، بۆ ئەوەی پشكی هەرێم لەڕێگای بەغداد وەربگرین و ڕاستەوخۆش لەگەڵ كۆمپانیای بەرهەمهێنەر بۆ دابینكردنی ڤاكسینەكە.

وتیشی: بەهۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكە سنووردارە و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانیش ژمارەیان كەمە ڕێگای دووەم ئاسان نییە و ئێستاش ئاسانكاری كراوە، ئێمە داوای نرخی ڤاكسینەكە و كاتی گەیشتنی ڤاكسینەكەمان كردووە.

لەبارەی نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكان وتی: بەردەوامین لەچاكسازییەكانی دەوامی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، لەهەمان كاتدا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكانیش ئامانجمان كەمكردنەوەی نرخەكانە لە خزمەتگوزارییەكانی وەك پشكنین و نەشتەرگەری و دەرمان.

ئەوەشی خستەڕوو، چۆنییەتی هەڵسوكەوتی نەخۆشخانەكان و ئەركیان بەرامبەر كۆمەڵگە هەیە، ئەمە لە ئاكارە تەندروستییەكان بە یاسا ڕێكخراوە وەك مافی نەخۆش و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانیش لە كوردستان كاری پێدەكرێت.