سەردێر

چۆن باشترین جۆری هەویری ددان هەڵدەبژێریت

خێزان

لەوانەیە زۆربەمان كاتێك دەمانەوێت هەویری ددان بكڕین نەزانین كامیان هەڵبژێرین و پرسیاری ئەوەمان هەبێت ئایا كام جۆرە باشترینە. ئێمە لێرەدا 8 ڕێگە دەخەینە ڕوو بۆ هەڵبژاردنی باشترین جۆری هەویری ددان :-

1-ڕێژەی فلۆراید
فلۆراید كانزایەكی سروشتییە كە مینای ددان دەپارێزێت و دژی كلۆرییە. كۆمەڵەی ددانی ئەمریكی ADA فلۆراید بە پێكهاتەی بنچینەیی هەویری ددان دادەنێت. تۆ دەتوانیت لەسەر پاکەتی هەویری ددانەکە زانیاری وەر بگریت سەبارەت بە پێکهاتەکانی و بزانی کە ئایا ڕێژەی فلۆراید لە هەر جۆرێکی هەویری دداندا چەندە.
– باشترین ڕێژەی فلۆراید لە هەویری دداندا بۆ کەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 1000-1500 ppm
بەڵام ئەگەر كلۆری ددانت هەبوو ئەوا وا باشە بڕی فلۆراید لەنێوان 2800-5000 ppm بێت.
– بۆ منداڵانیش وا باشە بڕی فلۆراید لە نێوان 1000-1350 ppm بێت.

2- مۆری پەسندكردنی کۆمەڵەی ددانی ئەمریکی هەبێت (ADA)
هەندێك لە جۆرەكانی هەویری ددان مۆری ADA لەسەرە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە مەرجەكانی ADA تێدایە کە بریتیین لە:
– بوونی فلۆراید
– بوونی كانزای چالاك و بەسوود بۆ پاكژی دەموددان
– ماددەی تامدار و بۆنداری تێدا نەبێت وەكوو: شەكر، كە دەبنە هۆی خراپبوونی ددان
– بەڵگەی زانستی هەبێت کە ئەم هەویرە ددانە بەسوود و کاریگەر و بێزیانە

3- خوێندنەوەی لكێنەی سەر هەویری ددان.
وا باشە كە لكێنەی سەر هەویری ددان بخوێنینەوە، لەبەرئەوەی هەموو جۆرەكان گونجاو نین بۆ هەرکەسێک. بۆ نموونە هەموویان بۆ منداڵان نابن.
زانینی پێكهاتەی هەویری ددان یارمەتیی خەڵكی دەدات لە ئەگەری بوونی هەر ماددەیەك كە هەستیارییان بۆی هەیە. بۆ نموونە ئەو كەسانەی كە برینی ناو دەمیان هەیە پێویستە ئەو جۆرانەی هەویری ددان بەكار نەهێنن كە sodium lauryl sulfate ی تێدایە.

4- هەڵبژاردنی هەویری ددانەكەت پشت دەبەستێت بە جۆری كێشەكەت
هەر جۆرێكی هەویری ددان تایبەتە بە جۆرێكی دەموددان. پێویستە ئەو جۆرە لە هەویری ددان هەڵبژێری كە پێویستتە. بۆنموونە هەندێك لە خەڵكی پێویستییان بە هەویری ددانی دژەهەستیارییە، كە هەندێك ماددەی تایبەتی تێدایە وەكوو ترشەخوێی پۆتاسیۆم كە ڕێگری دەكات لە گواستنەوەی ئازاری ددانەكە.

5-بەكارهێنانی هەویری ددانی سپیكەرەوە
زۆر لە خەڵكی خەندەیەكی سپیتر و جوانتریان دەوێت. هەویری ددانی سپیكەرەوە كاریگەرییەكی تەندروستی دەبێت بۆ سپیكردنەوەی ددانەكان. ئەو جۆرانەی هەویری ددان پێكهاتەیەكی زبر و تیژیان تێدایە دەبنە هۆی بریقەداركردن و لێكردنەوەی پەڵە لەسەر ڕووی ددانەكە. بەڵام گرنگە ڕێژەی RDA، كە بریتیە لە ڕێژەی ماددە زبر و تیژەكانی هەویری ددانەكە، 250 یان كەمتر بێت. ئەوانەی لەو ڕێژەیە زیاترن زیان بە ددانەكە دەگەیەنن.

 

6-بەكارهێنانی هەویری ددان بۆ ددانی زۆر هەستیار:
ئەو كەسانەی ددانەكانیان زۆر هەستیارن شردنی ددان لە لایان زۆر بێزاركەرە. خواردن و خواردنەوەكانی وەكوو قاوەی گەرم یان دۆندرمە دەبنە هۆی ئازارێكی زۆر بۆیان، بۆیە پزیشكی ددان ڕەچەتەی هەویری ددانی بەهێزتر دەنووسێت. ئەگەر تۆ ددانەکانت هەستیارە، دەتوانی ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت سەبارەت بە هەڵبژاردنی باشترین جۆری هەویر بۆ ددانەکانت. یان لە کاتی چوونە دەرمانخانەکان داوای هەویری ددانی تایبەت بە هەستیاری بکەیت.

7- ڕێگریكەری بەڵغی ددان
چینێك بەكتریا لەسەر ڕووی ددانەكان دروست دەبێت, كاتێك ئەو چینە دەمێنێتەوە و دەبێت بە توێژاڵێكی ڕەق كە پێی دەگوترێت بەڵغی ددان; كە دواتر لابردنی قورس دەبێت و دەبێتە هۆی نەخۆشییەكانی پوك. هەندێك ماددەی كیمیایی كە لە پێكهاتەی هەویری دداندا هەن ڕێگری دەكەن لە دروستبوونی بەڵغی ددان؛ وەکوو Pyrophosphate و zinc citrate.

8- بەكارنەهێنانی هەویری ددانی شیرین
شەكر ڕێگەخۆشكەرە بۆ كلۆربوونی ددانەكان؛ بۆیە بەكارهێنانی ئەو جۆرانەی كە شەكریان تێدایە پەسند نین. بەڵام هەویری ددانی منداڵان جیاوازە. چونکە بەمەبەستەوە بڕێکی زۆری شەکری تێ دەکەن تاوەکوو منداڵەکان بێزار نەبن و ڕابێن بە شۆردنی ددانەکانیان
—————————————–
ڕۆشنا بابەكر عومەر
خوێندكاری كۆلیژی پزیشكیی ددان