سەردێر

ئەردۆغان بڕیارێكی دژی ژنان دەركرد

خەڵك-

توركیا لە رێككەوتنی ئیستەنبوڵ بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كشایەوە، ئەم هەنگاوە رەخنەی توندی ئەوروپاییەكانی لێكەوتەوە.

لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی فەرمانڕەوایانی توركیادا هەزاران ژن و پیاو لە ناوچەی كادیكۆی ئیستەنبوڵ گردبوونەوە، ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەنقەرە نیشاندا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە و گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئیستەنبوڵ بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیان كرد.

بەپێی بڕیارێكی سەرۆكایەتی توركیا لە رۆژی شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی وڵات رایگەیاند وڵاتەكەی لە رێككەوتنی ئیستەنبوڵ دەكشێتەوە كە یەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتییە 30 دەوڵەت تێیدا بەشدارن كۆمەڵێك یاسا و پێوەری داناوە بۆ رێگری لە توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزی.

لای خۆیەوە بڕیاردەری پەرلەمانی ئەوروپا ناچۆ سانشێز لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، ئەمە رووی راستی حكومەتی ئێستای توركیایە، بە تەواوی لە یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ پاشەكشەی كردووە.