سەردێر

وێنە؛ گۆڕستانی ئەرمەن لە ئەسفەهان مێژووی 5 سەدە

خەڵک

“گۆڕستانی ئەرمەن” بە یەکێک لە گۆڕستانە کۆنەکانی ئەسفەهان ناودەبرێت.

 

ئەم گۆڕستانە کە دەکەوێتە باشووری شارەکە و لە دامێنی چیای سەفایە، لە ساڵی 1380هەتاوی لە لیستی شوێنەوارە نەتەوەییەکاندا تۆمارکراوە.

 

گۆڕستانەکە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 30 هێکتارە و زیاتر لە 50 هەزار گۆڕی تێدایە.

 

بە وتەی هەندێک لە توێژەران، لەم گۆڕستانەدا هەمان ژمارە گۆڕی دیکە هەبوون، کە یان بە هۆی ڕووداوەکانەوە وێران بوون یان لە ژێر گۆڕی دیکە کەوتوون.

 

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن لە ماوەی ئەو پێنج سەدەیەی کە ئەم گۆڕستانە شوێنی ناشتنی مردووانی ناوچەکە بووە، چەندین ڕووداو لەم شوێنەدا ڕوویانداوە؛ بۆ نموونە لە ساڵی 1936 کە ڕەزاخان ناچار بوو بەناو گۆڕستانەکەدا تێپەڕێت بۆ سەردانی سەربازگەی سوپا لە ئەسفەهان، ڕێگایەک لە ناوەڕاستی گۆڕستانەکەدا دروستکرا بۆ ئەوەی پاشا بەناو گۆڕەکاندا تێنەپەڕێت، بەردی گۆڕەکان هەڵکەندرا بۆ دروستکردنی رێگاکە، ئەم کارە بە یەکێک لە کاولکارییە گەورەکان دادەنرێت کە لەم گۆڕستانەدا ڕوویداوە.

 

جگە لە ناشتنی ئەرمەنییەکان لەم گۆڕستانەدا، کەسایەتییەکانی دیکەی وەک “جان نۆرسەمبەر”، نوێنەری بەریتانی لە دەرباری شا عەباسی یەکەم، “جان رودۆڵف شتایندلەر”، کاتژمێرسازی بەناوبانگی سەردەمی سەفەوییەکان، “ئێرنست هۆڵتسەر”بەرپرسی نووسینگەی تەلەگرافی بەریتانیا لە ئەسفەهان و یەکێک لە پێشەنگەکانی فۆتۆگرافی لە سەدەی نۆزدەهەمدا و زۆرێک لە پەنابەرانی پۆڵەندی کە لە نێوان ساڵانی 1942 بۆ 1945 لە کاتی قەیرانی جەنگی جیهانی دووەمدا هاتبوونە ئێران و لە ئەسفەهان نیشتەجێ بوون، لەم گۆڕستانەدا بە خاک سپێردراون.

سەرچاوە؛ ئاژانسی ئیسنا