سەردێر

چۆن دەزانیت کە سییەکانت پەنچەر بووە؟

سییەکان لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستەن ؛کێشەکەیان لە مرۆڤی ئاساییدا دەگاتە (١٠٠٠)گم، قەبارەیان لەکاتی لەدایک بووندا (٢٥٠ مل) دەبێت دواتر لە گەوراندا دەگاتە (٦٠٠مل)

سیەکانمان بە دوو پەردەی تەنک دەورە دراون، پەردەیەکیان بە سییەکانەوە لکاوە، پەردەکەی تریان جوڵاوە و لە هەندێک شوێن جێگیرە، سییەکان لەناو ئەو پەردە جوڵاوەدا مەلە دەکەن، تەنکی پەردەی سییەکان دەگاتە (١٠ )مایکڕۆن.

 

پەردەی سییەکان؛ سییەکان دەهێڵنەوە لە دۆخی ئاساییدا و هەناسەدان ڕێکدەخەن، ئەگەر پەردەکە بە هەر هۆکارێک بێت بتەقێت یان کوون ببێت دەبێتە هۆی پەنچەربوونی سییەکان و بەمەش سیستەمی هەناسەدان تێک دەدات.

 

بەهەندێک هۆکار پەردەی سییەکان دەتەقن یان کوون دەبن لەوانە :

 

-زەبری دەرەکی (گوللە ، چەقۆ، رووداوی هاتوچۆ…هتد).

-کەوتن لە شوێنی بەرز.

-جگەرەکێشان.

-هەوکردن.

-تووشبوون بە هەندێک جۆری میکڕۆب باوترینیان “ کۆڕۆنا ”.

-کەمی هەندێک جۆری ئەنزیم لە جەستەدا.

-هەندێک نەخۆشی درێژخایەنی سییەکان.

 

زۆرجار پزیشکان خۆیان دەبنە هۆی دڕانی پەردەی سییەکان لەکاتی :

١-دەرهێنانی ئاو لە سنگدا .

٢-نەشتەرگەری وەرگرتنی کڕکڕاگەی پەراسوو.

٣-وەرگرتنی نموونە لە گرێی سنگ.

 

هەندێک جار هۆکارەکەی نادیارە و لە کەسانی ئاساییدا روودەدات .

 

هەرکات سییەکان کوونبوون (پەنچەربوون) نیشانەکانی وەکو کۆکە ، تەنگەنەفەسی ، ئازاری پشت یان شینبوونەوە دروست دەکات ، زۆرجار نیشانەی نییە لەسەرەتادا …

 

بۆیە پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت لەو بوارەدا بۆئەوەی ئەو نەخۆشییە ترسناکە دیاری بکات و دواتر چارەسەری بکات ، چونکە ئەگەری خنکان بەو نەخۆشییە یەجگار بەرزە …

 

سییەکانی چەندین هاونیشتیمانی کوونبوون و بۆتە هۆی گیان لەدەستدان لە کەمترین ماوەدا، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان بەردەوام چاودێری تەندروستی سییەکانیان بکەن.

 

زۆرجار خنکان لە ئەنجامی پەنچەربوونی سییەکان نادیارە و پێویستە پزیشکی پسپۆڕی سییەکان ئاگادار بکرێتەوە .

 

بەهیوای سەلامەتی هەموو لایەک

 

د. رەوەند عبدالرحمن عیسی

پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و سییەکان.