سەردێر

لە زانکۆی سەڵاحەدین چی ڕوویدا؟ بۆچی ئەو خوێندکارە ئەو دوو مامۆستایەی  کوشت؟

بەیانی ئەمڕۆ ڕووداوێکی دڵتەزێن لە شاری هەولێر ڕوویدا کە تێیدا خوێندکارێکی  زانکۆی سۆران دوو مامۆستای لە دوو زانکۆی جیاواز کوشت.

 

ئەو خوێندکارە بەهۆی ئەوەی کێشەی لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆی سۆراندا هەبووە کە مامۆستایەکی ئافرەتە،  بەم هۆیەوە فەسڵ كراوە، هەوڵیداوە بەشەکەی خۆی لە  زانکۆی سۆرانەوە بگوازێتەوە بۆ بەشی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین، بەڵام ( د. كاوان ئیسماعیل گەردی) ڕاگری کۆلێژی یاسا گواستنەوەکەی بۆ ئەنجام نەداوە بەهۆی ئەوەی پێچەوانە بووە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان.

 

بەو هۆیەشەوە خوێندکارەکە هەڕەشەی لە  د. كاوان ئیسماعیل کردووە، ئەویش دۆسیەکەی بردۆتە دادگا ، بەهۆی ئەو سکاڵایەشەوە دەستگیرکراوە و بە کەفالەت ئازادکراوە،  ئەمڕۆش یەكەمین ڕۆژی دادگاییەكە بووە. 

 

هەر بۆیە ئەمڕۆ خوێندکارەکە چۆتە زانکۆی سەڵاحەدین و پاش ئەوەی کارمەندێکی نوسینگەکەی بریندار کردووە، چۆتە ژورەکەی د. كاوان ئیسماعیل گەردی ڕاگری کۆلێژەکە و ٥ فیشەکی پێوە ناوە  و پاش ئەوەی بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

 

دواتریش ئەو خوێندکارە  چۆتە سەر ماڵی ئەو مامۆستا ئافرەتە و بەهۆی ئەوەی لەماڵ نەبووە، تەقەی لە  د. ئیدریس حەمەخانی هاوسەری کردووە کە ئەویش مامۆستای کۆلێژی ئەندازیارییە لە زانکۆ و  لە ماڵەکەی خۆیدا کوشتویەتی و دواتر هەڵهاتووە.