سەردێر

شێخی ئەزهەر لەبارەی فرەژنیەوە فتوای دا، ئایا کەی پیاو دەتوانێت ژنی دووەم بهێنێت؟

شێخی ئەزهەر، لە بارەی هێنانی دووژنەوە بۆ پیاوان ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنیت کە یەک ژن بۆ پیاوان بەسە.
دكتۆر ئەحمەد ئەلتەیب، شێخی ئەزهەر لە بارەی هێنانی ژنی دووەمەوە ڕایگەیاندووە”یەك ژن بۆ پیاو بەسە، ئەوانەی دەڵێن ئەسڵ لە ئیسلام فرەژنییە، هەڵەن، زۆربەی جارەكان بابەتەكە زوڵمكردن لە ژن و منداڵ لەخۆ دەگرێت”

دكتۆر ئەحمەد ئەلتەیب ڕایشی گەیاندووە” فرەژنی یەكێكە لەو بابەتانەی كە لە تێگەیشتنێكی راستی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەرەوە شێوێندراوە، موسوڵمان ئازاد نییە لەوەی ژن بەسەر ژنی یەكەمیدا بهێنێت، ئەو مۆلەتەی هەیە، مەرجدار كراوە بە هەندێك مەرج و كۆت. راستە فرەژنی مافێكی پیاوە بەڵام مافێكی مەرجدارە و مۆڵەتەكە پێویستی بە هۆكارێك هەیە، ئەگەر هۆكارەكە نەما، مۆڵەتەكەش نامێنێت”

دكتۆر ئەحمەد ئەلتەیب وتوشیەتی”فرەژنی مەرجدارە بە دادپەروەری، ئەگەر دادپەروەری نەبوو، حەرام دەبێت، دادپەروەری شتێك نییە بۆ تەجروبەكردن جێهێڵدرابێت، بەڵكوو تەنیا ترسان لەوەی كەسێك نەتوانێت دادپەروەری پەیڕەو بكات، فرەژنی حەرام دەبێت. قورئانی پیرۆز دەڵێت: “فإن خفتم ألا تعدلوا فواحدة”.”

بەوتەی دكتۆر ئەحمەد ئەم قسانەی بەو مانایە نییە کە فرە ژنی حەرام بێت، بەڵام ئەو دەڵێت”قسە لەسەر بەحەرامكردن یان قەدەغەكردنی فرەژنی ناكەم. داوای یاسایەك ناكەم كە مافێكی شەرعی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دژی زیادەڕۆییم لە بەكارهێنانی مافێكی شەرعی و دەرچوون لە مەبەستەكانی.”