سەردێر

کون بوونی دوانزەگرێ چییە و لە چ کاتێکدا دەتەقێت؟

دوانزەگری ئەو بەشەی کۆئەندامی هەرسە، گەدە دەگەیەنێت بە رێخەڵۆکە باریکە، شێوەکەی نیوە بازنەیی یە، درێژیەکەی نزیکەی ٢٠ بۆ ٢٥ سم دەبێت، دەردراوە یارمەتی دەرەکانی هەرس کرد، وەکو زەرداو و دەردراوەکانی پەنکریاس دەڕژێنە ناو دوانزە گری وبە هۆیانەوە خواردنی هاڕاو لە گەدە، زیاتر ئامادەدەکەن بۆ هەڵمژین لە رێخۆڵەکان.

دوانزەگری وەکو هەر ئەندامێکی لەش دووچاری نەخۆشی دەبێتەوە، هەوکردن و کول بوون(قرحە) لە نەخۆشیە باوەکانیەتی. یەکێک لە کێشەکانی هەوکردن و برینی دوانزەگری بریتیە لە کون بوونی دوانزەگری، کە بە تەقینی دوانزەگرێش ناودەبرێت، لە رێگای ئەو کون بونە دەردراوەکانی گەدە و رێخۆڵەکان و خۆراکی هاڕاو دەڕژێتە ناو بۆشایی سک.

لە سەرەتادا، نەخۆش هەست بە بوونی ژانی بەهێز دەکات لە ناوەراستی بەشی سەرەوەی سکی یان بەشی خوارەوەی لای راستی سک، هەندێک جار لێکچوونی دەبێت لەگەڵ نیشانەکانی هەوکردنی رێخۆڵە کوێرە .پاشان ئازارەکە تەواوی سک دەگرێتەوە، هەڵئاوسان و رەقبوونی سک دەست پێدەکات، نیشانەکانی ووشک بونەوەی جەستە و زیادبوونی لێدانەکانی دڵ و دابەزینی فشاری خوێن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەردەکەوێت و مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانی نەخۆش ئەگەر هاتوو چارەسەرکردنی دواخرا.

چارەسەری کون بوونی دوانزەگری نەشتەرگەریە، لەبەر هەندێ لە کاتی بوونی ژانە سک پێش وەرگرتنی هیچ دەرمانێک(هەندێک جار دەرمانی ئازار شکێن پێش دەست نیشان کردنی دەبێتە دواکەوتنی دەست نیشان کردن و ئاڵۆز بوونی نەخۆشیەکەو دروست بوونی ماک) سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشکێک بکە، دوای دەست نیشانکردنی هۆکاری ژانەکە، دەتوانی چارەسەر وەربگری.
ئامادەکردنی:
دکتۆر شێرکۆ عباس نادر
پسپۆری نەشتەرگەری گشتی