سەردێر

٨ نیشانە کە دەری دەخات خوێنیت زۆر کەمە!

كەم خوێنی حاڵەتێكە تێیدا لەش توانای دروستكردنی خانەی خڕۆكەی سووری نییە تا ئۆكسجینی پێویست هەڵبگرێت  و بۆ شانەكانی لەش بیانگوێزێتەوە، نیشانە سەرەتاییەكانی كەمخوێنی بە ماندوو بوون و بێهێزی دەست پێ دەكات، لێرەدا باس لە هەندێک نیشانەکانی کەم خوێنی دەخەینە ڕوو.

-هەست بە ماندوێتی كردن، ئەمە بڵاوترین نیشانەی كەمخوێنییە، كەسەكە بەردەوام هەستدەكات جەستەی داهێزراوە. واتە ماندووبوونەكە بەردەوامە” نەك پەیوەندیدار بە گوشاری دەروونیی و چاكیی جەستەییەوە.

-بێرەنگی، بە تەماشاكردنی لینجەپەردەی كەناری چاو، بۆت دەردەكەوێت لە كەسی كەمخوێندا رەنگە سوورەكەی نامێنێ و كاڵ دەردەكەوێ، هەروەك روخسار و نێولەپی دەستەكان و بەشەكانی دیكەی پێستیش رەنگیان كاڵ و بزڕكاو دەبێت.

-شەکەت بون، ئەگەر بە وەرزشكردنی سادە یان سەركەوتن بەسەر قادرمە یاخود هەڵگرتنی شتگەلێك كە بۆ خەڵكی ئاسایی قورس نین بەڵام تۆ تەنگەنەفەس دەكەن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئۆكسجینی پێویست ناگاتە شانەكانی جەستەت، كەمخوێنیش یەكێكە لە هۆكارە بڵاوەكان.

-دڵەكوتێ، لە حاڵەتی ئاساییدا هەست بە لێدانی دڵمان ناكەین، بەڵام لە كەمخوێنیدا هەست بە دڵەكوتێ و تەپەتەپی دڵت دەبێت.

-تەزینی پەلەكان، لە كەمخوێنیدا، ئەو بڕە خوێنەی كە هەیە زۆرتر ڕەوانەی ئەندامە بنچینەییەكانی وەك دڵ و مێشك و گورچیلە و جگەر دەكرێت، ئەوەش لەسەر حیسابی ئەو بڕە خوێنەی كە لە پەلەكان دەگیرێتەوە. كەمبوونەوەی خوێن لە شانەكانی پەلەكاندا، هەستی سڕبوون و مێروولەكردن درووستدەكات.

-ئارەزووكردنی خواردنی شتی سەیر، ئەوانەی كەمخوێنی زۆریان هەیە، پێدەچێت ئارەزووی خواردنی شتگەلێك بكەن كە ئاسایی ناخورێن، وەكو حەزیی  خواردنی قوڕ، كاغەز. هەندێكی دیكەیان نەریتی دیكە پەیدادەكەن وەك كرماندنی سەهۆڵ بە بەردەوامی.

-قژرووتانەوە،ئەگەر قژت زیاتر لە جاران دەڕووتێتەوە و موویەكی زۆرتر بە شانەكەتەوە بەجێدەمێنێت، دوورنییە بەهۆی كەمیی ئاسنەوە كەمخوێن بیت. بەڵام قژ رووتانەوە هۆكاری دیكەشی هەن، وەك پاڵنەری بۆماوەیی، ناتەواویی هۆرمۆنیی و كەمیی هەندێك ڤیتامینی دیكە.

-رەشبوونی پیسایی،رەشبوونی پیسایی رەنگە بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە و ریخۆڵەوە بێت، كە دەبێتەهۆی كەمیی ئاسن و سەرەنجام كەمخوێنی.