سەردێر

چیرۆکی (کچانی کەناری)، ئەو خانمانەی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ڕۆڵێکی کاریگەریان بینی

لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا کچان و ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان بینی، بەتایبەت لە بواری پاسەوانی و پەرستیاری و پەیوەندیەکان و هەواڵگری و ڕاگەیاندن و جەنگی پڕوپاگەندەدا، بەڵام کاری (کچانی کەناری) لە هەموو ئەوانە سەختتر و جیاوازتر بوو.

 

لەکاتی جەنگەکەدا و بەهۆی کەبوونەوەی بۆمب و کەرەستە جەنگیەکان، حکومەتی بەڕیتانیا هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکرد بۆ بەرهەمهێنانی زۆرترین تەقەمەنی سەربازی و چەندین کارگەی گەورەی خستە کار.

بەڵام کێشەی هەرە گەورە کە بۆ کارگەکان هاتە پێش دەستی کار بوو، چونکە پیاوان یان لە جەنگ بوون، یان نەخۆش و  پەککەوتە بوون و توانای کارکردنیان نەبوو لە کارگەکاندا.

هەربۆیە بە ناچاری کارگەکان دەستیانکرد بە دامەزراندنی کچان و ژنان، تا بۆمبی جۆراوجۆر بۆ سوپای وڵاتەکەیان درووستبکەن و لەناو تێنتیدا کار بکەن.

 

ئەم پیشەیە بۆ ئەو کچانە هەم زۆر قورس بوو هەم مەترسیدار بوو، چونکە ناوە ناوە ڕووداوی تەقینەوەی بۆمبەکان و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارە کچەکان بڵاو دەکرایەوە.

 

بەهۆی ئەوە ئەو کچانە کاریان لەسەر ماددەی TNT و  Cordite دەکرد بۆ تەقەمەنیەکان و لەو ماددانەشدا ترشەڵۆکی کبریتی و نتریک هەیە کە لەکاتی بەکارهێنان دوکەڵی هەیە و ئەمەش وایدەکرد قژە ڕەشەکەی کچەکان زەرد ببێت، هەر بۆیە نازناوی کچانی کەناریان لێنرابوو.