سەردێر

کاتێک لە هۆتێل دەمێنیتەوە، ئەم ٨ خاڵە بزانە تا فێڵت لێنەکرێت

کاتێک گەشت دەکەین بۆ دەرەوە پێویستمان بەوە دەبێت لە هۆتێلدا بمێنینەوە، بەڵام نرخی ژورەکانی هۆتێل هەمووکات یەک شێوە نییەو گەر لێی بزانیت دەتوانیت هەمان هۆتێل بە نرخێکی هەرزانتر دەستبخەیت.

ئەمەی خوارەوە کۆمەڵێک زانیاری گرنگە بۆئەوەی بتوانیت لە لە کاتی گەشتکردنتدا سوودی لێوەربگریت، هەڵبەت ئەم زانیاریانە هۆتێلەکانی کوردستان ناگرێتەوە چونکە ئەوان بە سستمی جیهانی بەڕێوە ناچن و ناتوانیت لە ئنتەرنێتەوە حیجزیان بکەیت:

–  لە بەشێک لە هۆتێلە بچوکەکان کاتێک نرخی ژورەکە لەسەر ماڵپەڕی Booking دەبینیت، دەتوانیت پەیوەندی بە هۆتێلەکەوە بکەیت و لەو نرخەش هەرزانتر حیجزی بکەیت، چونکە ئەو هۆتێلانە نزیکەی ٣٠٪ پارەی دەڵاڵی دەدەن بە ماڵپەڕەکە، بۆیە لەویادا ئەو پارەیەیان بۆ دەگەڕێتەوە.

 

–  بەشێوەیەکی گشتی لە هۆتێلەکاندا خزمەتگوزاری خۆڕایی هەیە، وەک ئاوی خواردنەوە و ئووتو و چەندانی دیکە، بۆیە دڵنیابە لە سوود لێوەرگرتنیان چونکە بەشێک لەو خزمەتگوزاریانە تا داوای نەکەیت پێتنادەن.

–  ڕەنگە بەبێ ئاگاداری خۆت بتنێرنە هۆتێلی دیکە، چونکە هۆتێلەکان بەشێوەیەکی گشتی لەو ڕێژە ژورەی خۆیان هەیانە زیاتریش دەدەن بە خەڵک بۆ حیجزکردن، ئەمەش بۆئەوەی گەر بەشێکیان هەڵوەشایەوە (کانسڵ بویەوە)، دڵنیابن لە لەدەستنەچونی میوانەکانی دیکەیان، ڕەنگە لەو کاتەدا تۆ بنێرن بۆ هۆتێلی دیکە، تۆش مافی خۆتە کە داوای هۆتێلی باشتر بکەیت لەوەی خۆت حجزت کردووە یاخود دڵنیابیت لە وەی هۆتێلی دووەمت بە دڵە.

 

– بەدڵنیایەوە بەر لە تۆ کەسانی دیکە لەو ژورەدا بووە، بۆیە ڕەنگە ژورەکە بەتەواوەتی پاک نەبێت، بەڵام دڵنیابە لە وەی کە بەر لە بەکارهێنانی شتەکان لە پاکیان دڵنیابیتەوە.

–  ژورەکان هەموو وەک یەک نییە:  کاتێک داوای ژووری باش دەکەیت، کارمەندی پێشوازی پێتدەڵێت کە (هەموو ژورەکان وەک یەکە!) ئەمەش زانیاریەکی ڕاست نییە چونکە ژورەکان جیاوازە، هەیانە تەلەفیزیۆنی باشتر یاخود دیمەنی دەرەوەی جوانترە، یان گەرماوەکەی گەورەترە، دەتوانیت کەمێک بەخشیش بدەیت بە کارمەندەکە بۆئەوەی ژورێکی باشترت بداتێ.

 

–  لە کارمەندی پێشوازی هۆتێلەکە مەپرسە کە کوێ خۆشە تا بۆی بڕۆیت، چونکە ئەوان پەیوەندیان لەگەڵ شوێنە دیاریکراوەکانی خۆیان هەیە و پارەیان لێوەردەگرن و لەسەر تۆ گرانتر دەکەوێت، باشترە خۆیت بیاندۆزیتەوە.

 

–  گەر کێشەیەکت هەبوو، بۆنمونە دەنگەدەنگ یاخود پیسی ژورەکە، هەر مەڵێ دواتر لە ماڵپەڕی Booking بە خراپ لەسەریان دەنووسم، بەڵکوو بە ڕێزەوە داوایان لێبکە بۆت چارەسەر بکەن.

– قاسەی ناو ژوری هۆتێل سەلامەت نییەو ڕەنگە کارمەندانی پاککەرەوە شێوازی خۆیان هەبێت بۆ کردنەوەی، باشترە شتە گرانبەهاکانت لە ژوری پێشوازی هەڵبگریت کە بە کامێرا چاودێری دەکرێت و سەلامەت ترە.