سەردێر

‎مژدەیەک بۆ ئەوانەی دەردە شاھانە ( داء الملوك ) یان ھەیە

‎ئازاری جومگەکان بەھۆی نەخۆشی دەردەشاھانەوە یەکێکە لە بێزارترین جۆرەکانی ئازاری جومگەکان ، کەبەھۆی کۆبوونەوەی ماددەی ( یوریک ئەسید ) لە جومگەکاندا دروست دەبێت و ئازارێکی زۆر دروست دەکات.

‎ئەم کۆبونەوەیەی ماددەی یوریک ئەسید دەتوانرێت کەم بکرێتەوە لە ڕێگەی بەکارھێنانی ھەندێ دەرمانی گونجاو لەگەڵ ڕێکخستنی خۆراک و دوور کەوتنەوە لەو خواردنانەی کە ماددەی (پیورینی) تیادایە وەکو گۆشتی سوور ، جگەر ، گورچیلە ، یاخود ئەو خواردنانەی ماددەی یوریک ئەسید زیاد دەکەن لە لەشدا وەکو ھەندێک جۆری ماسی وەکو سەردین ، شرمپ یاخود ھەندێ جۆری پەلەوەڕ وەکو قەل ، یاخود ھەندێ خواردنەوە وەکو ئەلکحولەکان ، خواردنەوە غازییەکان ، ھەروەھا خواردنەوە دروستکراو حازرەکان ..
‎توێژینەوە تازەکان سەلماندوویانە کە خواردنی گێلاس یاخود خواردنەوەی شەربەتی گێلاس کاریگەرییەکی زۆر باشی ھەیە لەسەر کەم کردنەوەی ڕێژەی یوریک ئەسید و نەھێشتنی دەردە شاھانە .
‎توژێرەوەکان بینیویانە ئەو کەسانەی گێلاسیان خواردووە یان شەربەتی گێلاس بەڕێژەی ٤٥٪ کەمتر تووشی دەردەشاھانە دەبن وەک لەوانەی کە نەیان خواردووە .
‎ئایە بۆچی گێلاس کاریگەری ھەیە لەسەر کەم کردنەوەی ئازار ؟؟
‎توێژەرەوەکان دەڵێن : لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە دژەھەوکەر و دژەئۆکسیدی تیادایە بە ناوی ( ئەنثۆ سایەنین ) ە ، ھەروەھا لەمیوەی جۆری تریشدا ھەیە کە ڕەنگیان سووری تۆخە ، یاخود شین ، یاخود پەمەیی وەکو بیرییەکان ، بلو بیری ، شلک.
‎ھەروەھا ڕێژەیەکی زۆریش ڤیتامین (سی) تیادایە ، کە بینراوە بەڕێژەیەکی زۆر (یوریک ئەسید )کەم دەکاتەوە.
‎دەتوانیت سوود لە گێلاس ببینیت بە خواردنی قاپێکی مامناوەند ڕۆژانە یاخود بەشێوەی شەربەت دوو پەرداخ لە ڕۆژێکدا ، یاخود بەشێوەی شیرینی وەکو ( تارتی گێلاس ) کە جۆرێکە لە کێک ، یاخود بەشێوەی حەب و سەپلیمێنت ئەگەر ھەبوو ، یان بە شێوەی پاودەر ..
‎دوور کەوەرەوە لە شروبی گێلاس ، یاخود ئەو خواردنەوە کھولیانەی گێلاس بەکادەھێنرێت تیایاندا وەکو ( براندی گێلاس ) لەبەر ئەوەی ئەو شەکرە دروستکراوەی بەکاردەھێنرێت لە ئامادەکردنی ئەم جۆرە خواردنەوانەدا قازانجی گێلاسەکە ناھێڵێت و زیانی زیاترە ..

‎د. ھەڤین کەمال شاە محەمەد
‎ئەندامی ئەکادیمییای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن .