سەردێر

بۆچی ده‌بێت جاتره‌ بكه‌یته‌ نێو چێشته‌كه‌ته‌وه‌؟ سوود ناوازەکانی بزانە

جاترە ، کە بە عەرەبی پێی ئەڵێن (الزعتر) یا (السعتر و الێعتر) و ناوە ئینگلیزییەکەی (Thyme) و ناوە زانستییەکی (Thymus Vulgaris)ە ، گیایەکی تونە ، گەڵاکانی و سەرتۆپی  گوڵەکەی بەکاردەهێنرێت ، و یەکێکە لە گیا ماڵییەکان ، هەندێک کەس ئەیکەنە چێشتەوە لەبەر تونییەکەی ، وێڕای ئەوەی نایەڵێت گۆشت خەساربێت و بگەنێت.

یەکێکە لەو گیایانەی لە وڵاتی شام بەیانیان بە (ڕۆن زەیتوون)ەوە ئەیخۆن . لەهەندێک شوێن پێی ئەڵێن ( شادکەری چیاکان ) چونکە بۆنێکی خۆش بڵاو ئەکاتەوە . دووجۆریشی هەیە :کێویی و چێندراو.

+جاترە لە جەنگی یەکەمی جیهانی دا:
ساڵی ١٧١٩ و بۆ یەکەمجار ( کاسپار نیومان )ی زانای جێرمان ( ئەڵمانی ) ، ماددەیەکی کاریگەری لە ( ڕۆن جاترە ) دا دۆزییەوە و ناوی نا ( کافوری جاترە –  Camphor of Thyme).
ساڵی ١٨٥٥ یش (م.لالیماند)ی زانای فەڕەنسیی ناوی نا ( تیمۆل – Thymol ) ، کە ئێستا بەو ناوەوەیە .
لەبەر ئەوەی ئەم ماددەیە کاریگەرییەکی گەورەی خاوێنکردنەوەی هەبوو ، لە جەنگی یەکەمی جیهان دا بۆ زۆر مەبەستی وەک دژە پەتا و ئالودەیی بەکار ئەهێنرا و زەیتەکە وەک خاوێنکەر لە نەشتەرگەری دا بەکار هێنرا. یا لە ئاوی خواردنەوەدا ئەتواێنرایەوە بۆ خاوێن کردنی . یا وەک خاوێنکەری ژووری نەخۆشەکان بەکارئەهێنرا بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی پەتا.
سەردەمانی زووش گریک و ڕۆمانەکان بەکاریان هێناوە بۆ پاراستنی گۆشت لە تێکچوون.
دواتر لێکۆڵینەوە نوێکان ، دووماددەی کاریگەریان لە ڕۆن جاترەدا دۆزییەوە (تیمۆڵ) و  (کارڤاکۆڵ – Carvacol) ، کە سوودی تەندروستیی جاترە لەو ٢ مادەیەدایە ، وەک ماددەی پارێزەر ، دژ بە بەکتریا و کەڕوو ، دەرمانی نەهێشتنی بەڵغەم و یاریدەدەری هەرس.

خاوێنکەر:
تاقیکردنەوەکان سەلماندوویانە کە جاترە دژی زۆر جۆری بەکتریا و کەڕووی خراپە کە ئەبنە هۆی نەخۆشی . و خۆشبەختانە ئەوەش سەلمێنراوە کە نۆشکردنی چای جاترە ، بەوەی بڕێک لە گیا وشکەکە ئەکرێتە ئاوی گەرمەوە و دواتر ئەخورێتەوە هەمان کاریگەریی ڕۆن جاترەی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی ، بۆیە ئەگەر ڕۆنەکەی دەست نەکەوت ، ئەکرێت لە جیاتی ئەوە گەڵێ‌ و سەرتۆپی گوڵەکانی جاترە بەکاربهێنرێت.
بۆ برینی سووک ئەتوانیت ڕاستەوخۆ بەگەڵای سەوزی جاترە خاوێنی بکەیتەوە ، یان بە کەمێک لە گەڵا وشکەکەی.

بۆ بەدهەرسی:
لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە هەردوو ماددەی (تیمۆڵ) و ( کارڤاکۆڵ) ی ناو جاترە، یاریدەی خاوبوونەوەی ماسولکەکانی دەزگای هەرس دەدەن ، بۆیە جاترە وەک دژە گرژبوون  بەکاردێت و بەسوودە بۆ ئەوکەسانەی تووشی بەدهەرسیی ئەبن ، و ماسولکەکانی گەدەیان گرژ ئەبێت ، ئەویش بە زیاد کردنی جاترە بۆ خۆراکەکەیان ، یا خواردنەوەی بەشێوەی چا.
+ بۆ لەشساخی ژنان:
بەهۆی کاریگەریی جاترە لەسەر گرژی ماسولکەکان ، ئەشێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ کەم کردنەوەی ئازاری کاتی سوڕی مانگانەی ژنان ، چونکە ماسولکەکانی مناڵدان هێور ئەکاتەوە. بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەوەی ، بەکارهێنانی بڕێکی زۆری جاترە یا رۆنەکەی ئەبێتە هۆی چالاک بوونی مناڵدان و پێکهاتنەوەی ماسولکەکانی . بۆیە پێویستە بڕێ بەکارهێنراو وەک ئازارشکێنی سوڕی مانگانە ، لە خواردنەوەی ڕۆژانەی ٣ کوپ چای جاترە زیاتر نەبێت.

جاترە بۆ چارەسەری کۆکە:
جاترە کاریگەرییەکی باشی هەیە بۆ هێورکردنەوەی دەزگای هەناسە و نەرمکردنی و ڕاماڵینی بەڵغەم. و لەبەر ئەوەی جێرمانەکان ( خەڵکی ئەڵمانیا ) بەشێوەیەکی بەربڵاو سوود لە پزیشکیی ڕووەکیی وەرئەگرن ، بۆیە بازاڕەکانیان پڕە لە دەرمانی جاترە بۆ چارەسەری کۆکە و کۆکە ڕەشە و نەخۆشی هەڵاوسانی سیپەلک (Emphysema) ، و ( رۆدۆڵف فی ریتز )ی پزیشکیی ڕووەکی جێرمانیی ئەڵێت: ( جاترە بەسوودە بۆ بۆریەکانی هەوا وەک سودی نەعنا بۆ گەدە و ڕیخۆڵیکان ).
بۆ سوود وەرگرتن لە جاترە لە چارەسەری نەخۆشییەکانی دەزگای هەناسە ، ئەشێت هەمان بڕێ پێشوو ( سوڕی مانگانە ) بەشێوەی چا نۆش بکرێت.
هەروەک سوود بەخشە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی هەناسەتەنگیی ( ڕەبو )یان هەیە.
بۆ چارەسەری کۆکەڕەشەی مناڵیش ، هەندێک لە پسپۆڕان ڕایان وایە ، بۆ ئەوەی باشترین ئەنجامی هەبێت ، چای جاترە تێکەڵاوی کەمێک هەنگوینی ساغ ئەکرێت.
هەروەک نۆشینی چای جاترە سوودبەخشە بۆ چارەی قوڕگ گیران و دژە سەرما بوون . و لەم دۆخەدا ئەشێت جاترە لەگەڵ چای نەعنا یا دارچینی تێکەڵ بکرێت.

جاترەی (سارد) بۆ سەر ئێشە و هی (گەرم) بۆ مۆتەکە:
لەو دەرمانە باوانەی بۆ سەرئێشە باسکراوە نۆشینی کوپێک چای جاترەیە بە ساردیی …. و لە بەرئەوەشی چای گەرمی جاترە مێشک و دەمارەکان هێور ئەکاتەوە ، ئەو نۆشینی ئەبێتە ڕێگر لە بینینی خەوی ناخۆش (کابوس).

ئازار شکێن:
نیوەنمەکی جاترەی شیلەتێن بەکاردێت بۆ هێورکردنەوەی ئازاری ( عرق النسا‌و – سیاتیک ) کە بە شێوەی سوتانەوە و دەزوولە ئازارلە قاچ[ه دروست ئەبێت.
هەروەک نیوەنمەکی جاترە ( گەڵای تەڕی جاترە ئەکوترێت یا قیمە ئەکرێت و ئەکرێتە هەویر ) بە کاردێت بۆ هێورکردنەوەی ئازاری دومەڵ و ئاوساویی بە گشتی.
ڕۆن جاترەش بەکاردێت وەک ئاازرسشکێنێکی بەهێزی ڕۆماتیزم و سڕکردنی پێست…
بۆ ئەوەی دەرئەنجامی لابەلاشێ نەبێت ( حەساسییەت )  ئەوا ڕۆنی ساغ و خەستی جاترە لەگەڵ ڕۆن زەیتون تێکەڵ ئەکرێت.

دژە مێشوولە:
گریکەکان هەزاران ساڵ پێشترجاترەیان بەکارهێناوە بۆ دوورخستنەوەی مێشوولە و مێش و مێرووە باڵدارەکانی تر، ئەویش لە ڕێی هەڵمی جاترەوە . و بە تاقیکردنەوە سەرکەوتوویی ئەم کارە سەلمێنراوە. هەندێک زەعتەر ئەکرێتە دەفر یان کترییەکەوە و ئەکولێنرێت تا هەڵمەکەی بە شوێنەکەدا بڵاو ئەبێتەوە ، بەمەش مێش  و مێشووکەی ئەو ناوە ڕاوئەنێت. ئەشکرێت کەمێک ڕێحانەی تێبکرێت تابۆنێکی خۆشیش بە شوێنەکە ببەخشێت.

سوودی زۆری تر:
جاترە سوودی زۆری هەیە بۆ پتەوکردنی ماسولکەکان و ڕێگریی لە ڕەقبوونی بۆرییەکانی خوێن و فراوانکردنی ئەو بۆریانە و پتەوکردنی ماسولکەکانی دڵ و چارەسەری هەوکردنی بۆرییەکانی میز و میزەڵدان و کۆلیسترۆڵیش کەم دەکاتەوە.
پێستی سەر چالاک دەکات و ڕێ لە قژوەرین ئەگرێت و قژ پتەوئەکاتەوە.
جووینی گەڵا جاترە بەسوودە بۆ هەوکردنی پووک و ددان ئێشە.

چای جاترە:
٢ کەوچکی بچووک گیان وشکی جاترە ئەکرێتە  ناو کوپێک ئاوی کوڵاو و ماوەی ١٠ خولەک تیایدا ئەبێت.
ڕٶژانە ١ تا ٣ کوپ لەو چایە ئەنۆشرێت بۆ چارەسەری کێشەی سوڕی مانگانە و کۆکە و یاریدەدانی هەرس.

سەرچاوە:
کتێبی (٥٠ گیای دەرمان بۆ ٥٠ نەخۆشی باو)
سەرچاوە:
گۆڤاری خاک – ژمارە (١٤٩) – بەرواری (١٠/١١/٢٠٠٩)

ئاماده‌كردنی: دەوەن سەردار حەمە عەلی – ئەندازیاری کشتوکاڵ