سەردێر

٧ زانیاری لەسەر شێر کە تازە و جیاوازە

بەهێز و چاونەترس، ناسراون بە پاشای دارستان، هێمای ئازایەتی و مەردین، تۆ چەندێک دەزانیت لەسەرئەم پاڵەوانانە؟ ئەمە چەند زانیاریەکەی جیاواز و نوێیە لەسەر ئەم پاڵەوانە:

-شێرەکان بونیادیکی کۆمەڵایەتی زۆر بەهێزیان هەیە و بە خێزان و کۆمەڵە دەژین کە ژمارەیان دەگاتە ١٥ دانە یان زیاتر، مێیەکانیان تاسەر پێکەوە دەمێننەوە بەڵام نێرەکان کە دەگەنە تەمەنێک دەبێت کۆمەڵە بەجێبێڵن و دەستبگرن بەسەر کۆمەڵەیەکی تازەدا یاخود گروپ درووستبکەن،  کاتێک دەبنە سەرکردەی کۆمەڵەیەک هەموو ئەو بەچکانە دەکوژن کە هی خۆیان نین، هەر لەبەر ئەمەش زۆربەی بەچکەکانيان دەمرن لە تەمەنێکی کەمدا.

-قژی زۆر و پڕ و تۆخ نیشانەی  بەهێزی و پێگەشتنی شێرەکانە و  شێوەیەکی ترسێنەر و بەهێزیان پەدەبەخشێت.

-لە خێزانی شێرەکاندا مێیەکان دەچن بۆ ڕاو و پەیداکردنی خۆراک و نێرەکان چاودێری کۆمەڵەکە دەکەن،  کە مێیەکان خۆراک دەهێننەوە دەبێت نێرەکان  یەكەمجار  بیخۆن.

-مێەکان ئاژەڵێکی زۆر  بەسۆزن و ئامادەن بێچویەک بەخێو بکەن کە هی خۆیان نییە و فڕێدراوە.

-شێرەکان نزیکەی شانزە بۆ بیست کاتژمێر دەخەون لە ڕۆژدا یان پاڵدەکەون، بەڵام لە شەودا زیاتر دەستدەکەن بە چالاکى، کە پلەی گەرما دادەبەزێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە  شێرەکان لەچاو مرۆڤدا شەش ئەوەندە هەستیارن بە ڕووناکی.

-شێرەکان نەڕەیەکی زۆر بەرزیان هەیە کە نیشانەی کامڵبونیانە، هەر بەچکەیەک تا دەگاتە تەمەنی دوو ساڵى توانای نەڕەی نیە لەدوای دوو ساڵی نەڕەیان تا ٨کم دەبیسترێت، ئەم تایبەتمەندیەش بۆ کۆکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵەکان و ئاگادارکردنەوەیان بەکاردێنن.

-شێرەکان بە پاشای دارستان ناسراون بەڵام لە ڕاستیدا لە دارستاندا ناژین! لە زەوی تەخت و سەوزایی و دەشتەکاندا دەژین.