سەردێر

کچە نیگارکێشێکی کورد نیگارەکانی لەبەریتانیا نمایشدەکات

خەڵک ـ نزار جەزا

رووا فەخرەدین، نیگارکێشێکی تەمەن 23 ساڵە، ئەو زنجیرەیەک نیگاری بۆ ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی کورد کێشاوە و لەڕێستۆرانتێکی بەریتانیا هەڵدەواسرێن.

ئەو کچە بەهرەدارە، لەتەمەنی 17 ساڵییەوە دەستی بە نیگارکێشان کردووە و لەئێستادا گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا.

لەنوێترین پڕۆژەیدا، ناوبراو ماوەی مانگێکە خەریکی کێشانی 10 تابلۆیە، کە لەڕیستۆرانتێکی کلتووریی کوردیدا لەبەریتانیا هەڵدەواسرێن، ئەمەش لەسەر داواکاری خاوەن ڕێستۆرانتەکە بووە.

ئەو وتی: دڵخۆشم کە بەشێک لەنیگارەکانم لەڕێستۆرانتێکی لەو شێوەیە لەوڵاتێکی دیکە هەڵدەواسرێن، چونکە ئەمە هەوڵێکە بۆ پیشاندانی توانای گەنجانی کورد.

ئەم نیگارانە بەبۆیەی زەیتی لەسەر کاغەزی کانڤاس کێشراون و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە.

رووا یەکێکە لەنیگارکێشە کوردەکان کە لەڕێگەی پەڕەیەکەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نیگارەکانی نمایشدەکات و پێشتریش بەشداری لە شەش پێشانگای هاوبەشدا کردووە.

“من دەمەوێت لەداهاتوودا کەمێک لەکێشانی ئەو وێنانە دوورکەومەوە کە ڕۆژانە ئاسایی بەچاو دەبینرێن، واتە دەمەوێت کار لەسەر وێنە خەیاڵییەکانی ناو بیرکردنەوە و مێشکم بکەم، هەرچەندە پێشتریش زۆر تابلۆی تایبەتم لەو بوارەدا کێشاوە، بەڵام دەمەوێت بەرەوپێشچوونی زیاترم تێیدا هەبێت”، رووا وای وت.

نیگارکێشان یەکێکە لەهونەرەکان، کە هەر نیگارێک مانایەک یان چەند مانای جیاواز لەخۆی دەگرێت و هەرکەسێک لێی بڕوانێت، بەپێی بینینی خۆی مانای پێ دەبەخشێت.