سەردێر

ئەو حەوت ھۆکارە چییە کەوات لێدەکات سەر ئێشەت ھەبێت ؟

کاتێک کە تووشی سەرئێشەیەکی تووند دەبیت، ئەوەی گرنگەلات کەچۆن کۆتایی پێ بھێنیت. ئەو ئازارەی و توندییەی لەسەرتا ھەیە سیستمی ژیانت تێکدەدات و دوات دەخات لە ئیش و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانت . ئەگەر تۆ ھەر جۆرە سەرئێشەیەکت ھەبێت، ئایا شەقیقە بێت، یاخود سەرئێشەی سترێس و دڵەڕاوکێ یاخود سەرئێشەی ھێشووی ..ھتد، دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە دووبارەبوونەوەی، بەزانینی ھۆکارەکانی . لێرەدا باس لە حەوت ھۆکار دەکەین کە ڕێخۆشکەرن بۆ دوبارەبونەوەی سەرئێشەکەت :
١- سترێس و دڵەڕاوکێ :
سترێس دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسولکەکانی شان ومل، کەدەبێتە ھۆی جۆرێک لەسەرئێشە کە پێدەوترێت (سەرئێشەی گرژبوون)، بەمانای ئەوەی کێشەکە لە ماسولکەکانەوە دەست پێدەکات و بەسەر ئێشە کۆتایی دێت .
ھەروەھا سترێس بەھەمان شێوە سەرئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات .
٢- خواردن :
برسێتی؛ سەرئێشەی گرژبوون و شەقیقە زیاد دەکات، بەڵام ھەندێک خواردنیش دوبارەبوونەوەی سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات. بۆ نمونە؛ ھەندێک کەس بە پاقلەمەنی و چەرەزاتەکان سەرئێشەکەیان زیاد دەکات، ھەندێک بەھەندێک خواردنی تری وەک؛ ئەڤۆکادۆ، مۆز، پەنیر، ترشی، شیرەمەنییەکان، شوکولاتە، پیاز . زۆربەی خواردنە ئامادەکراو و موعەلەب و فاست فودەکان ئەوانەی ڕێژەیەکی زۆر نیتراتیان تیادایە، ئازاری سەر زیاد دەکەن .
٣- خواردنەوەی ئەلکھول :
یەکێکە لەھۆکارەکانی توشبون بە شەقیقەو سەرئێشەی ھێشووی . زۆربەی کەس دوای خواردنەوەی شەرابی سوور تووشی سەر ئێشە دەبن . ھەتا ئێستا نەزانراوە کە ئایا ئەلکھول خۆیی ھۆکاری سەرئێشەیە، یاخود پێکھاتەیەکی تری ناو خواردنەوە کھولییەکانە .
٤- ژینگە و سروشت :
سەرئێشەی ھێشووی زیاتر لەھەندێک وەرزدا ڕووئەدات، وەزیاتر لەبەھار و پایزدا رێژەی زیاد دەکات . ئەوەی ڕوونە و زاناکان کۆکن لەسەری ئەوەیە؛ پێکھاتەیەک لە ژینگەی ئەو وەرزانەدا دەبێتە ھۆکار، بەڵام بە تەواوەتی چییە نازانن !
ھۆکارە ژینگەییەکانی وەک؛ تیشکی ڕووناکی ڕاستەوخۆ، دوکەڵ، شێداری، بۆنی تیژ، کەشوھەوای سارد، پەیوەندیان ھەیە بە سەرئێشەی شەقیقەوە .
٥- ھۆرمۆنەکان :
گۆڕان لە ڕێژەی ھۆرمۆنی “ئیسترۆجین” ، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە بەسەرئێشەی شەقیقەوە لە ئافرەتاندا . سووڕی مانگانە لە ئافرەتە کگەنجەکاندا سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات، ھەروەھا ھەندێک جار گۆڕان لەڕێژەی ئەم ھۆرمۆنە سەرئێشە زیاد دەکات ، بەتایبەت لەوانەی وەکو چارەسەر بەکاریدەھێنن . لە زۆربەی ئافرەتاندا بەوەستانی سووڕی مانگانە ئازاری شەقیقەش کۆتایی دێت .
٦- لێچوونەوە لە کافایین :
ئەگەر تۆ لەو کەسانە بیت کە کافایین بەڕێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنن، ئەویش بەخواردنەوەی چا، قاوە، خواردنەوە گازییەکان بەڕێژەیەکی زۆر . ئەگەر لەناکاو بیبڕیت و بوەستیت لەبەکارھێنانی، سەرئێشەی شەقیقەکەت زیاد دەکات .
کافایین بۆری خوێنەکان گرژدەکات، بەبێ کافایین بۆری خوێنەکان دەکشێن و دەئاوسێن، کەئەمیش یەکێکە لەھۆکارەکانی دروستبوونی سەرئێشەی شەقیقە .
٧- کەمخەویی:
کەمخەویی ھۆکارێکە بۆ دروستبونی ئازاری سەر ئێشەی گرژبوون و ھەروەھا سەرئێشەی شەقیقە . ھەر بۆیە پشوودان و سەرخەوشکاندن زۆربەی جار دەبێتە ھۆی نەمانی سەرئێشەکە .
چارەسەر چییە ؟
تێگەشتن لەھۆکاری دروستبوونی سەرئێشەکەت باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگریگرتن لە دووبارەبونەوەی سەرئێشەکەت . ھەر بۆیە باشترە کە دەفتەرێکی یادەوەری دابنێت بۆ کاتی دروستبوونی ئازارەکەت و چیت خواردووە لەو ڕۆژەدا، چەندی خایاندووەو بەچی باش بوویت، بینوسیت . ئەگەر بەم ڕێگایە چارەسەر نەبوو ، دەتوانیت ڕای پزیشکەکەت وەربگریت و ڕێگا گونجاوەکانت بۆ ھەڵبژێرێت، ئایە لە ڕێگای دەرمان بێت، یاخود دەرزی ئاژنین ، میدیتەیشن ، باێۆفیدباک تیکنیک، بۆتۆکس بەکاربھێنێت بۆت .
د ۰ هه‌ڤین که‌مال شاه محمد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج
شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری