سەردێر

بەهۆی پێشلکردنی مافى کۆپیرایتی هونەرمەند (حەسەن زیرەک)ەوە، کلیپەکەی دینا لە یوتیوب سڕاوەتەوە

کۆمپانیای “هێڵێ دەنگ” ڕایگەیاند، هۆکاری سڕینەوەی کلیپى (کەتانە)ى هونەرمەند (دینا) لە یوتیوب بەهۆى پێشێلکردنى مافى کۆپیرایت و مافى هونەرى هونەرمەند (حەسەن زیرەک)ەوەیە و ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناوی هونەرمەندەکەی نەبردووە.

پێشتر دینا لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیکردەوە، هیچ کەس و لایەنێک گۆرانییەکەیان سڕیبێتەوە و ڕایگەیاند، کێشەیەکی تەکنیکی هەیە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوی کۆمپانیاکە:

بەهۆى پێشێلکردنى مافى کۆپیرایت و مافى هونەرى هونەرمەندى نەمر (حەسەن زیرەک)، کلیپى (کەتانە)ى هونەرمەند (دینا) لە یوتیوب سڕایەوە لەبەر ئەم هۆکارانەى خوارەوە:

– لەم کلیپە ئاماژە بە ناوی خاوەنی ڕاستەقینەى بەرهەمەکە نەکراوە کە هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەکە.

– ڕێگەپێدان لە بنەماڵەى هونەرمەند (حەسەن زیرەک) وەرنەگیراوە بۆ گووتنەوەى گۆرانییەکە.

– ئاواز و گوتنی گۆرانیەکە لەم کلیپە و لەلایەن هونەرمەندی ناوبراو بە کار هاتووە بەبێ ڕەچاوکردنى یاساکانی کۆپیڕایت لەبوارى هونەریدا.

کۆمپانیاى (هێڵى دەنگ)، گرێبەستى فەرمى لەگەڵ بنەماڵەى هونەرمەند (حەسەن زیرەک) هەیە و تاکە کۆپیرایت هەڵگر (Copyright Holder)ى تەواوى بەرهەمەکانى هونەرمەندەکەیە. بۆیە دواى داواکردنى سڕینەوەى کلیپەکە لەلایەن بنەماڵەى هونەرمەند و پێشێلکردنى یاسانی کۆپیڕایت، بە ناچاری کلیپەکەمان لە (یوتیوب)دا سڕییەوە.

کۆمپانیاى (هێڵى دەنگ) کۆمپانیایەکى بڵاوکردنەوەی میوزیک و گۆرانی کوردیە لە چوارچێوەی یاساکانی نێودەولەتی کۆپیڕایت کاردەکات و تاکە کۆپیڕایت هۆڵدینگە لە کوردستان. ئێمە کۆپیرایت هۆڵدەر و پارێزەری بەرهەمەکانی هونەرمەند حەسەن زیرەک و دەیان هونەرمەندى تری کوردستانین. ئامانجمانە هونەرى میوزیک و گۆرانی کوردى هاوشانى هونەرى میوزیکی نەتەوەکانى تری جیهان بە سیستەم بکەین و لە ئاستێکى پیشەگەردا بێت تاکو گوێگران لە سەرانسەری جیهان لە تەواوى پلاتفۆرمە میوزیکیەکاندا دەستیان بگات بە کارە هونەرییە کوردییەکان و، مافى هونەرمەندانیش پارێزراوبێت. هونەرمەندانی کورد وەکو هەموو هونەرمەندانی جیهان جگە لەوەی خاوەن و بڕیاردەری مافی بەرهەمەکانیان بن لە هەمان کات سوودی مادیش بە دەست بخەن لە ڕێگەی بلاوکردنەوە بەرهەمەکانیان لە ناو سیستەم و پلاتفۆرمە پێشکەوتووە میوزیکییەکاندا لە جیهان.

– کۆمپانیاى هێڵى دەنگ.

٣ى ئابى 2021.