سەردێر

پزیشکێکی هەناوی: زۆر پاک مەبن، تا نەخۆش نەکەون!

“ئێمە ئەوەندە گرینگی بە پاک و خاوێنیی منداڵەکانمان دەدەین، کەچی بەردەوام نەخۆشن. لەو لاشەوە منداڵى گەڕەکە میللییەکان بەردەوام بە پێی پەتییەوە لەناو چڵکاون، قەت نەخۆش ناکەون!” ئەمە وتەیەکى زۆر باوى ژنانى خوێندەوارن.

زۆر جار نامانەوێت باوەڕ بەوە بێنین ئەم قسەیە ڕاست بێت، بەڵام ناشمانەوێت فێڵ لە خۆمان بکەین و لە دڵەوە پێمان وایە لە واقیعدا وایە. بۆیە پێویستە لە ڕووى زانستییەوە ئەوە یەکلایی بکرێتەوە کە ئەو بانگەشەیە ئەسڵى هەیە یان نا؟
ئەوە زۆر بەڕوونى دیارە کە لەم سەتەیەى ڕابردوودا حاڵەتەکانى تووش بوون بە نەخۆشی زۆر زیادى کردووە. زانایانى بوارى تەندروستى بەدواى هۆکانى ئەو بەرز بوونەوەیەن. هەندێ هۆیان بەتەواوى سەلماندووە و هەندێ هۆى تریشیان وەک گریمانە خستووەتە ڕوو، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو گریمانانە لەجێن. یەکێک لەوانە “گریمانەى پاکی-Hygiene Hypothesis”ە، بەو واتایەى زیاد گرینگى دان بە پاکى، سەردەکێشێ بۆ نەخۆشی! سەیر نییە؟!
گشت کۆئەندامەکانى لەش، چەند زیاتر بەکار بهێنرێن و ڕووبەڕووى کۆسپ ببنەوە، ئەوەندە بەهێزتر دەبن. هەندێک لەوانە بە چاو دەبینین، وەک ئەوەى کە ماسوولکەکانمان بە زۆر مەشق پێکران و قورسی پێ هەڵگرتن، گەورە و پتەو دەبن. ڕێک وەک ئەوە، کۆئەندامى بەرگرییش ئەو کاتە بەهێز دەبێت کە بخرێتە گەڕ، نەک ئەوەى بەردەوام پشووى پێبدرێت. بۆیە ئەگەر بێت و رێژەى ئەو میکرۆبانەى دەچنە ناو لەشەوە گەلێک کەم بن، بەتایبەتى لە سەرەتاکانى قۆناغى منداڵیدا، بەرگرى بەهێز نابێت. هەر بۆیە لە ئایندەشدا ناوانێت ڕووبەڕووى نەخۆشی و میکرۆبى زۆر ببێتەوە. ئەمەش سەردەکێشێت بۆ زیاد بوونى ئەگەرى تووشبوون بە چەند نەخۆشییەک، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندییان بە بەرگریی لەشەوە هەیە، وەک یەکەم جۆرى نەخۆشیی شەکرە، ڕەبوو، هەستیاریی لووت و پێست (ئەکزیما). هەروەها چەند نەخۆشییەکى تریش وەک شێرپەنجەى خڕۆکە سپییەکانى خوێن و ئۆتیزم و خەمۆکى.
بۆیە دەبێ بزانرێ جەستەمان لە هەموو ڕووێکەوە حەزى بە مامناوەندێتییە، وەک چۆن بە گەرمیی زۆر و ساردیی زۆریش تێکدەچێت، ئاواش بە پیس و پۆخڵى و لە هەمان کاتیشدا پاکیی زیاد لە پێویست تێکدەچێت.

ئامادەکردنی:
د. زانا ئەحمەد
پزیشکى پسپۆڕى هەناو